سەردار حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، موشەکی بالیستیکی هایپەرسونیکی زۆر پێشکەوتوویان دروستکردووە.
ئەو، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا، باسی لە پێشکەوتنی سوپای پاسداران لە رووی چەکی پێشکەوتووە کرد و گوتی “موشەکی بالستیکی هایپەرسونیک، کە لە خزمەتی سوپای پاسداراندایە، هیچ رادار و سیستمێکی بەرگری دژە موشەکی نایدۆزێتەوە و دەتوانێت رادار و سیستمی بەرگری دژە موشەکیش بکاتە ئامانج.
سەردار حاجی زادە دەشڵێت، “ئەم موشەکە نوێیە بە هەموو سیستەمەکانی بەرگری موشەکیدا تێدەپەڕێت و پێموانییە تەکنەلۆژیا هەبێت، کە بتوانێت بۆ دەیان ساڵی دیکە بەرپەرچی بداتەوە. ئەم موشەکە سیستەمی دژە موشەکی دوژمن دەکاتە ئامانج و بازدانێکی گەورەی بواری موشەکیە، کە خێراییەکی زۆری هەیە.”
ماوەیەکە پێشکەوتنی ئێران لە بواری سەربازی و دروستکردنی موشەک و درۆنە شەڕکەرەکاندا، مشتومڕێکی زۆری لە جیهاندا دروستکردووە.
گرنگترینیشتیان، پرسی درۆنی شاهد 136ی ئێرانی بوو، کە دەرکەوت روسیا لە شەڕی ئوکراینادا بەکاری هێناوە.
هەرچەندە، حکومەتی ئێران، رەتیدەکردەوە، کە درۆنی شاهد 136 بە روسیا فرۆشرابێت، بەڵام دواجار، ئەمیر عەبدوللاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێش شەڕی ئوکراینا، چەند درۆنێکیان رەوانەی روسیا کردووە، بەڵام نازانن، کە لە شەڕی ئوکراینادا بەکارهاتووە یان نا.