زووم..
کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای باکوورە، دەرفەتە بۆ ئەوەی کیم جۆن ئون قسەی سەرنجراکێش بدات بەگوێی جیهاندا.
کەناڵی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور بەڕێوەچووە، کە تایبەت بووە بە هێل و سیاسەتە سەرەکییەکانی پیۆنگ یانگ لە ساڵی 2024.
لە کۆبوونەوەکەدا کیم جۆن ئون فەرمانی بە سوپای کۆریای باکوور و کەرتەکانی پیشەسازیی سەربازی، لەنێویاندا چەکی ئەتۆمی کردووە، ئامادەکارییەکانیان خێراتر بکەن بەمەبەستی روبەڕووبوونەوەی ئەوەی کیم ناوی ناوە “کارە دوژمنکارەکانی ئەمریکا”.
سەرۆکی بەشە باکورییەکەی کۆریا پێی وایە هەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، “بێپێشینەیە و وێنەی نەبووە”، بۆیە کیم رایگەیاندووە، پیۆنگ یانگ هاریکاریی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە پەرەپێبدات کە بە دەوڵەتانی “بەرهەڵستکار و سەربەخۆی دژە ئیمپریالیزم” ناویبردوون.
داواکارییەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ ئامادەبوونی سوپای وڵاتەکەی بۆ هەر ئەگەرێک، دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک دێت بەسەر هۆشدارییەکانی لەبارەی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەکارهێنانی جبەخانە ئەتۆمییەکانی لە ئەگەری روبەڕووبوونەوەی ئیستفزازی ئەتۆمی.
نزیکەی دوو هەفتەیە ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور هاریکارییە سەربازییەکانیان لە ئاسیای دوور پەرەپێداوە، دەڵێن، بۆ روبەڕووبوونەوەی تاقیکردنەوە سەربازییەکانی پیۆنگ یانگە، کە لەمساڵدا ریکۆردێکی نوێی تۆمارکردووە، ئەمە جگە لەوەی هەرسێ وڵات ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانیان لەبارەی هەڵدان و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور پەرەپێداوە.
سەرەتای ئەم مانگەش، ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی ئەمریکا گەیشتە کەنارە ئاوییەکانی بۆسان لە کۆریای باشوور، هاوکات واشنتن بە بەشداریی سیئۆل و تۆکیۆ، چەندین مەشق و راهێنانی سەربازیی بە فڕۆکە و بۆمبە دوورهاوێژەکان ئەنجامدا، فڕۆکەی B52 شی تێدا بەکارهات.
هەفتەی رابردووش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، پێدەچێت دووەمین ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی ئەتۆمیی یۆنگبیۆنی کۆریای باکوور کەوتبێتەکار، ئەو هەنگاوەشی بە جێگەی نیگەرانیی قووڵ وەسفکرد.