دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، ژمارەى ئەوانەى لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بێکاربوون، بەراورد بە مانگی پێشووتر، 120 هەزار کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 482 هەزار کەس.
بەم پێیەش، لەماوەى مانگێکدا رێژەی بێکاری 0.3٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 10.1%، رێژەی بێکاری بۆ پیاوان 8.8% بووە، بەڵام بۆ ژنان بە 12.8% مەزەندە کراوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022دا دامەزراون بەراورد بە مانگی پێشووتر 54 هەزار کەس کەمیکردووە و بووەتە 30 ملیۆن و 867 هەزار کەس، هاوکات رێژەی دامەزراندن بە رێژەی 0.1٪ کەمیکردووە.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022دا، هێزی کار بەراورد بە مانگی پێشووتر 67 هەزار کەس زیادی کردووە و بووەتە 34 ملیۆن و 349 هەزار کەس، لەکاتێکدا رێژەی بەشداری هێزی کار وەک خۆی ماوەتەوە.
رێژەی بێکاری لەنێوان گەنجانی تەمەن 15 بۆ 24 بەراورد بە مانگی پێشووتر، بە رێژەی 1.2٪ زیادی کردووە و بووەتە 19.6٪.
هەفتەی رابردوو دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا ریکۆردی شکاندووە و گەیشتووەتە 85.5٪.