زووم…
ئێران و روسیا رێککەوتوون دراوی ناوخۆیی وڵاتەکانیان لەبری دۆلار بەکاربهێنن لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیاندا.
بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، رێککەوتنەکە لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی نێوان پارێزگارانی بانکی ناوەندیی هەردوو وڵات لە روسیا ئەنجامدراوە، لە ئێستاشدا بانکەکان و بازرگانەکان دەتوانن هەموو جۆرە مامەڵەکانیان بەدراوی ناوخۆ بکەن.
بەشێک لە وڵاتانی جیهان کاردەکەن بۆ دەستبەرداربوونی دۆلار لە بەرژەوەندیی دراوە نیشتمانییەکان لە مامەڵە بازرگانییەکاندا، لەو نێوەندەدا هاوپەیمانیی وڵاتانی بەرازیل، روسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور ناسراو (بریکس) بەردەوامن لەو هەوڵە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا روسیا شایستە داراییەکانی پرۆژە نەوتییەکانی بە دراوی چینی دا، لەبری دۆلار، رایگەیاند، چیتر دۆلاری ئەمریکی قبوڵناکات بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، لەبری ئەوە روودەکاتە دراوەکانی چینی و ئیماراتی.
ساڵی رابروو روسیا لە سیستمی پارەدانی جیهانی کە دۆلار هەژموونی بەسەرداکردووە، دوورخرایەوە، وەک سزایەک بۆ جەنگی ئۆکرانیا.
حکومەتی مۆسکۆ بەم دواییانە زیاتر لە ئێران نزیکبووەتەوە، لەمانگی تشرینی دووەمدا ئێران ئاشکرایکرد، فرۆکەی جەنگیی Su-35 و هەلیکۆپتەری هێرشبەری جۆری Mi-28 و فڕۆکەی جۆری Yak-130 تایبەت بە مەشقی سەربازیی بۆ روسیا دابیندەکات