ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکای بابەتێکی لەبارەی مەترسییەکانی دانانی وێنەی منداڵ و هەرزەکاران لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکردووەتەوە و داوا لە خێزانەکان دەکات دەستبەجێ بیانسڕنەوە.
هەندێک لە خێزانەکان حەز دەکەن و دەیانەوێت وێنەی جوانی منداڵەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەش بکەن، بەڵام نازانن ئەو کارەیان هەڵەیە و دەکرێت ئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە، بە تایبەت کە ئێستا پرۆگرامەکانی زیرەکیی دەستکرد و ئەپەکانی دەستکاریکردنی وێنە و ڤێدیۆ (دیپ فەیک) مەترسییەکانی دوو هێندەکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، چەند خوێندکارێکی ئامادەییەکی ویلایەتی نیوجێرسی وێنەی یەکێک لە هاوڕێکانی خۆیان بەکارهێناوە و وێنەی سێکسییان لێ دروستکردووە، هەروەها لە ئیسپانیا باوکی 20 کچی هەرزەکار دەڵێن وێنەی کچەکانیان کە تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 17 ساڵاندایە بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی وێنەی سێکسی.
شارەزایەک لە زانکۆی باشوری کالیفۆڕنیا بە واشنتن پۆستی گوتووە، بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد بە رادەیەک پێشکەوتووە کە وێنەی هەر کەسێکی پێ بدەیت دەتوانێت دەمووچاوەکەی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی چەندین ڤیدیۆی جیاواز.
چۆن وێنەکان بسڕینەوە؟!
تائێستا بەرنامەیەکی وەها لە ئارادا نییە کە بتوانێت هەموو وێنە و ڤیدیۆکانی کەسێک لەسەر ئینتەرنێت بسڕێتەوە، بۆیە لابردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە دەستکاریکراون و بە مەرامی دیکە بەکارهێنراون کاتێکی زۆری دەوێت.
دیڤۆرا هایتنەر خانمێکە کتێبێکی لەبارەی گەشەکردن لە سەردەمی ئینتەرنێتدا نووسیوە و تێیدا دەڵێت، ڕەنگە هەموومان ئەو ئاگاییەمان نەبێت کە بۆ ژیان لەگەڵ تەکنەلۆجیای ئەم سەردەمە کە هەموومان پێویستمانە و ناچارین بەکاریبهێنین، بەڵام دەکرێت بە شێوەیەک بێت کە تێیدا مافی منداڵەکانمان و وێنە و ڤیدیۆکانیان لەسەر ئینتەرنێت پارێزراو بن.
زۆربەی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە گەورەکان سیستەمیان هەیە کە بتوانیت داوای سڕینەوەی وێنەی منداڵەکانتی لێ بکەیت، بۆ نمونە ئەگەر داوا لە گووگڵ بکەیت وێنە یاخود ڤیدیۆی منداڵەکەت بسڕیتەوە ئەو کارەت بۆ دەکات، ئەوان دەتوانن وێنەکان وا لێبکەن کە بە گەڕانیش نەدۆزرێنەوە، بەڵام وێنەکە لە سێرڤەری ماڵپەڕەکەدا هەر دەمێنێتەوە، هەروەها هەندێک وێنەش هەن کە ناتوانیت داوای سڕینەوەیان بکەیت.
یوتیوب بە شێوازی خۆی ڕێگەت پێدەدات داوای سڕینەوەی ڤیدیۆی لێ بکەیت، بەڵام لە فەیسبووک و ئینستاگرام تەنها دایکان و باوکان ڕێگەپێدراون داوای سڕینەوەی ئەو بابەتانە بکەن کە منداڵەکانیان تێیدا دەردەکەون، ئەگەر منداڵەکە تەمەنی 13 ساڵ و بەرەوژووریش بوو، خۆشی دەتوانێت ئەو داوایە بکات.
واشنتۆن پۆست دەڵێت لەناو خوێندنگە ئامادەییەکاندا زیرەکیی دەستکرد زۆر بەکاردێت، خوێندکاران دەتوانن وێنەی یەکتری بگرن، بەڵام واباشە ڕەزامەندیی دایکان و باوکان وەربگیردرێت لە هەڵبژاردنی ئەو وێنانەدا کە بە بڵاوکردنەوەیان دەخرێنە بەردەستی هەمووان، هەروەها واباشە خێزانەکان ئەو مافە بدەنە دەستی منداڵەکە خۆی کە بتوانێت بڕیار لە بڵاوکردنەوە یان نەکردنەوەکەی وێنەکەی بدات.