زووم..
مرۆڤایەتی لە 2023دا ساڵێکی سەختی بەڕێکرد، جەنگی نێوان دەوڵەتان، شەڕی ناوخۆ، کارەساتەکانی پەیوەست بە گۆڕانی ئاووهەوا لە دیارترین نەهامەتییەکان بوون.
پەیوەست بە جەنگ، لە 2023دا شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین بەردەوام بوو، دواتر جەنگی غەزەی نێوان ئیسرائیل – حەماس سەریهەڵدا، کە لە چەند هەفتەیەکدا ژیانی لە نزیکەی 22 هەزار کەس سەندووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم دوو جەنگە چاوی زۆربەری میدیاکانی لەسەربوو، بەڵام تاکە ململانێی چەکداری نەبوون، لە سودان و میانمار شەڕی ناوخۆیی وێرانکەر روویاندا و چەندین تاوانی جەنگیی لەو وڵاتانەدا ئەنجامدران و خەڵکەکانیان رووبەڕووی چەندین قەیرانی مرۆیی بوونەوە، لە ئەفریقاش کودەتا لە سێ وڵاتدا کران.
لەبارەی ئاووهەواوە، 2023 گەرمترین ساڵی مێژووی مرۆڤایەتی بوو، شەپۆلەکانی گەرما کاریگەریی لەسەر هەموو کیشوەرەکان هەبوو، وشکەساڵی و لافاو زیاتر بوون، لە لیبیا بەهۆی لافاو و هەرەسی دوو بەنداوەوە، زیاتر لە 11 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، لە چین یەکێک لە گەورەترین لافاوەکانی مێژووی وڵاتەکە تۆمارکرا.
ئەمانە تایبەت بە سەختییەکانی 2023، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، دەکرێت ساڵی 2024 دۆخەکە سەختتربێت و قەیرانەکان خراپتر ببن.
رۆژنامەکە دەڵێت، شەڕی غەزە پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، لەکاتێکدا بەپرسانی ئیسرائیل بەڵێنیان داوە شەڕەکە زیاتر درێژبکەنەوە، لەکاتێکدا تا ئێستا جەنگەکە ژیانی 2.2 ملیۆن کەسی خستووەتە ناڕەحەتییەوە.
واشنتن پۆست پێشبینیشی کردووە، ئەگەر دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە، ئاڵۆزییەکان بەشێوەیەک بۆ لوبنان و سوریا پەرەدەسەنێت کە هاوشێوەی نەبووبێت، خەڵکی غەزەش بۆ سنوورەکانی میسر رابماڵێت.
شەڕی ناوخۆی سودان کە پێش شەڕی غەزە دەستیپێکرد، هەشت مانگە بەردەوامە، بەڵام کەمتر باسی لێوە دەکرێت، شەڕی نێوان هێزە چەکدارییە جیاوازەکان زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکەوە کە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، شەش ملیۆن کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە، هەزاران قوتابخانە داخراون و نزیکەی 19 ملیۆن منداڵ لە خوێندن دابڕاون، دۆخەکەش تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، بە 2024یشەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەبارەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە بۆ 2024، دەڵێت، ساڵی داهاتوو بەهۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە، بایدن فشاری زیاتری لەسەر دروستدەبێت و تەنانەت گومانیش هەیە هاوکارییەکانی واشنتن بۆ ئۆکراین بەردەوام بێت.
لە ئاسیای دوور، پێدەچێت کێشەی نێوان چین و تایوان بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژرادنەکانی تایوانەوە ئاڵۆزتر بێت، لەکاتێکدا ئیدارەی بایدن، کە دۆستی تایوانە، لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین ئاسایی بکاتەوە.
بۆیە رۆژنامە ئەمریکییەکە پێشبینی دەکات، بەهۆی بەردوامیی ئەو قەیرانانەوە، جیهان لە ساڵێکی پڕ قەیرانەوە پێدەنێتە ناو ساڵێکی دیکەوە، کە مرۆڤایەتی رووبەڕووی قورسیی زیاتر دەکاتەوە.