زووم..
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە کە بە هیتلەر وەسفیکردبوو و رایگەیاند، ئەردۆغان جینۆساید لە دژی کورد ئەنجام دەدات.
ناتانیاهۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، “ئەردۆغان جینۆساید لە دژی کورد ئەنجامدەدات و تۆماری جیهانی شکاندووە لە گرتن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووساندا کە لە دژی رژێمەکەی ئەون، بۆیە ئەو دوا کەسە کە بتوانێت ئامۆژگاری و وانەی ئەخلاقیمان فێربکات.”
ناتانیاهۆ دەشڵێت، سوپای ئیسرائیل یەکێکە لە بەئەخلاقترین سوپاکانی جیهان، شەڕدەکات بۆ ریشەکێشکردنی ترسناکتریین و درەندەترین رێکخراوی تیرۆریستی لە جیهاندا، کە حەماسە و جیاوازی لەگەڵ داعشدا نییە .
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەردۆغان لە رێورەسمێکدا لە ئەنقەرەی پایتەخت رایگەیاند، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان هەڵسوکەوتەکانی “ناتانیاهۆ لە کەرتی غەزە لەگەڵ کار و کردەوەکانی هیتلەر لە میانی جەنگی جیهانی دووەمدا.”
راشیگەیاند، ناتانیاهۆ دەوڵەمەندترە لە هیتلەر لەبەرئەوەی بە هەموو جۆرێک لەلایەن رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت.