روسیا بڕیاریدا سوپاکەى لە هەرێمى خێرسۆنی ئۆکراینا بکشێنێتەوە، کە یەکەم پایتەختی ناوچەکەیە، کە لە دوای لەشکرکێشییەکەی مانگی شوبات کۆنتڕۆڵى کردبوو.
ژەنەڕاڵ سێرگی سورۆڤیکین، فەرماندەی روسیا لە ئۆکراینا رایگەیاند، روسیا چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لە دابینکردنی پێداویستییە جەنگی و لۆجیستییەکانی بۆ هەرێمەکە، بۆیە دەکشێنەوە.
کشانەوەکە بەو مانایە دێت، کە هێزەکانی روسیا بە تەواوی لە کەناری رۆژئاوای روباری دنیپرۆ دەکشێنەوە.
ئەم پاشەکشەیە وەک گورزێک دادەنرێت، کە بەر روسیا کەوتووە، لە کاتێکدا رووبەڕوی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا بووەتەوە.
بەرپرسانی باڵای سوپای روسیا لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەیان بڕیارەکەیان راگەیاند، کە تێیدا ژەنەڕاڵ سورۆڤیکینیش راپۆرتێکی لەسەر دۆخی بەرەکانی جەنگ لە خێرسۆن خستەڕوو.
بەهۆی ئەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، خۆی پاشەکشەکەی رانەگەیاند، پێدەچێت راگەیاندنی “شکستی” سوپای وڵاتەکەی لە ئۆکراینا بۆ ژەنەڕاڵەکانی جێهێشتبێت.
پوتین لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا لکاندنی خێرسۆن، دۆنێتسک، لۆهانس و زاپۆریژیای “داگیرکراوی” ئۆکراینای بە خاکی روسیاوە راگەیاند، دواى ئەوەى ریفراندۆمى لەو چوار هەرێمە ئەنجامدا.
ژەنەڕاڵ سورۆڤیکین رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لەم هەلومەرجەی ئێستادا ژیرانەترین بژاردە رێکخستنەوەی هێڵی بەرگرییە بەدرێژایی روباری دنیپرۆ.
بڕیارەکەی روسیا بۆ کشانەوە بۆ ئەودیوی روباری دنیپرۆ، لەلایەن بەرپرسانی ئۆکراینا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لە گوتاری شەوانەیدا شەوى رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، کیێڤ “زۆر بە وریاییەوە” لەگەڵ ئەم پاشەکشەیەی روسیا مامەڵە دەکات.
ئەو گوتی “ئەمە دیارییەک نییە لەلایەن دوژمنەوە بدرێت بە ئێمە، ئەمە ئاماژەیەک نییە بۆ نیازپاکی روسیا بەرامبەر وڵاتەکەمان، ئێمە هەموو جەنگەکە دەبەینەوە”.
بڕیارەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەم بڕیارەی روسیا هاندەرێکی باشە بۆ سوپای ئۆکراینا و هەوڵیکی باشە، کە ببینین ئۆکراینا پێشڕەوی دەکات.
گوتى “دەستکەوتەکان هی سەربازە بوێر و ئازاکانی ئۆکراینایە” بەڵام بێگومان ئەو پشتگیرییەی ئۆکراینا لە بەریتانیا، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ناتۆ وەریدەگرن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم سەرکەوتنە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکیدا لە دوای هەڵبژاردنی نیوە خولی وڵاتەکەی رایگەیاند، بڕیارەکەی روسیا بۆ کشانەوەی لە شاری خێرسۆن لە ئۆکراینا، دەرخەری ئەوەیە، سوپای وڵاتەکەی “هەندێک کێشەی راستەقینە”ی هەیە.
بایدن ئاماژەی بەوەدا، ماوەیەکە چاوەڕوانی ئەو هەنگاوە دەکات و ئەوەش رێگە بە هەردوولا دەدات لە وەرزی زستاندا بەخۆیاندا بچنەوە.
سەربازانی روسیا لە سەرەتای جەنگدا لە کریمیای باشوری ئۆکرایناوە هێرشەکانیان بۆ سەر باشوری ئەو وڵاتە دەستپێکرد، لە سەرەتای مانگی ئاداردا دەستیان بەسەر شاری خێرسۆندا گرت.
هەروەها هێرشەکانیان لە باشور و رۆژهەڵات و باکوری وڵاتەکە دەستپێکرد، لەنێویاندا گەمارۆدانی کیێڤی پایتەختیشی گرتەوە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا هێزەکانی ئۆکراینا پێشڕەوییان کرد.