زووم
ئێرانییەکان، زیاتر لە خەڵکی دیکەی جیهان، تووشی پەستانی خوێن دەبن، نەخۆشییەک، کە یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا.
حوسەین فەرشیدی جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران قسەی بۆ رۆژنامەی ئەبرار کردووە، دەڵێت، 33%ی خەڵکی ئێران بەدەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، کە دەکاتە نزیکەی 30 ملیۆن کەس.
واتا لە سێ هاووڵاتیی ئێرانی، یەکێکیان تووشبووی بەرزیی پەستانی خوێنە، زۆریی ژمارەی تووشبووانی پەستانی خوێن، بەرپرسانی ئێرانی ناچارکرد هەڵمەتێکی نیشتمانی رابگەیەنن و وەک قەیرانێکی تەندروستی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
پەستانی خوێن، نەخۆشییەکی درێژخایەن و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، مەترسییەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاددەکات، بۆیە نزیکەی نیوەی بەتەمەنەکانی ئێران تووشبووی نەخۆشییەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەبرار، زۆربەی ئەو ئێرانییانەی پەستانی خوێنیان بەرزە، ئاگاداری حاڵەتەکەیان نین، زۆرجار بەڕێکەوت پێیدەزانن، جگە لەوەش رێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان پەستانی خوێنیان کۆنترۆڵ یان چارەسەر ناکەن.
ئەم حاڵەتە نیگەرانییەکی تەندروستی جیهانییە، نزیکەی 26%ی دانیشتووانی جیهان تووشی بوون و ساڵانە حەوت ملیۆن کەس دەکوژێت، بەڵام رێژەی تووشبوون لە ئێران 7% زیاترە لە ئاستە جیهانییەکە.
هۆکاری جۆراوجۆر هەن بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە بارودۆخ و شێوازی ژیانەوە هەیە، لەوانە جگەرەکێشان، قەڵەوی، ناچالاکیی جەستەیی، زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێ، گوشاری دەروونی، شەکرە و دووگیانی، ئەمە جگە لە هۆکاری بۆماوەیی.
لە زمانی تەندروستیدا بەرزیی پەستانی خوێن بە “بکوژی بێدەنگ” ناودەبرێت، چونکە هیچ نیشانەیەکی بەرچاوی نییە، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا مرۆڤ تووشی سەرئێشە، خوێنبەربوونی لووت، تەنگەنەفەسی، ئارەقکردنەوە، دڵەڕاوکێ، کێشەی خەو و سکچوون دەبێت.
رێنماییە تەندروستییەکانیش دەڵێن، هۆشیاری و چاودێریکردنی بەردەوام و گۆڕینی شێوازی ژیان زۆر گرنگن بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکانی پەیوەست بە بەرزیی پەستانی خوێن، بەتایبەت خواردنی تەندروست و زیادکردنی چالاکیی جەستەیی.