زووم:
تەندروستیی عێراق پێشبینی دەکات بەم نزیکانە ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا بگاتە عێراق، کە لە وڵاتانی تر تەشەنەی سەندووە.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق راگەیاند، نیشانەکانی گۆڕاوە نوێکەی کۆرۆنا، هاوشێوەی نیشانەکانی پەتای وەرزین، کە خۆیان لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و هەستکردن بە ماندووبوون، ئاو بە لوتدا هاتن، کۆکە و ئازار و لەرز دەبیننەوە، ئەمە جگە لەوەی تووشبوو هەستی تام و بۆنیشی نامێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕاوە نوێکە، هاوشێوەی ئەوانەی پێشوو، لە رێی هەناسە و لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە، لە چەندین وڵاتدا خێراتر و بەربڵاوتر تەشەنەی کردووە، هەرچەندە تا ئێستا لە عێراق هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەمزووانە بگاتە عێراقیش.
بۆیە سەیف بەدر، داوای لە بەتەمەنەکان و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، یان بەرگریی لەشیان کەمە، پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپاراستن.