زووم:
بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەڵێت، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن زیاتر لە نیوەی دەنگدەردانی عێراقییەوە هەڕەشەیە بۆسەر شەرعیەتی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات.
بەرهەم ساڵح لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشکردنە سەر نێردە دیبلۆماسییەكان و دامەزراوە حكومییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لەسەر داوای حكومەتی عێراق هاتوون، ئاماژەی مەترسیدارن و زیان بە بەرژەوەندییەكانی عێراق و گەلەكەی دەگەیەنن.
لەبارەی دۆخی ئابووری عێراقەوە بەرهەم ساڵح هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئێستا داهاتی پێویست لەبەردەستدایە، بەڵام مەرج نییە هەروا بمێنێتەوە، عێراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە، لەژێر سایەی گۆڕانكارییە جیهانییەكاندا و پێشبینییەكان بۆ پاشەكشەی گەشەی ئابووری لە ساڵی نوێدا بەگوێرەی سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی.
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق پێشنیازی چاکسازی دەکات لە سیستمی پەرلەمانیدا و دەڵێت بكرێت بە سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی و پارێزگار بەڕاستەوخۆ لەلایەن دانیشتوانی پارێزگاكەوە هەڵبژێردرێت، بەمەش كۆسیستەمی دیموكراتی و لێپرسینەوەی میللی بەهێز بكرێت.
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرهەم ساڵح داوا دەکات چارەسەری بنەرەتی بونیادیی پێویست بۆ کێشەی بەردەوامی نێوان هەردوولا بدۆزرێتەوە.