چاوەڕوان دەکرێت، ئەمڕۆ دادگاى فیدراڵیی عێراق بڕیارى کۆتایی لەبارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بدات، کە نزیکەى حەوت مانگە گفتوگۆى لەبارەوە دەکات.
سکاڵاکان زیاد جەبار، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکى فراکسیۆنى رافیدەین لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆماریان کردووە، لەسەر پێنج مادەى یاساى هەموارکراوى ژمارەیەکى (1)ى ساڵى 1992ـی هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان.
هەردوو سکاڵاکار سکاڵاکانیان لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە خولى پێنجەم و سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆمارکردووە. داواى نادەستووریبوونى مادەکانى (1، 9، 15، 22، 36)ى یاسا هەموارکراوەکە دەکەن.
ناوەڕۆکى هەردوو سکاڵاکە لەبارەى بازنەى هەڵبژاردنەکان و کورسیی کۆتاکانە، سکاڵاکارەکان داوا دەکەن هەڵبژاردنەکان بکرێت بە چەند بازنەیەک و کورسیی کۆتاکانیش کە ناکۆکى زیاترى لەسەرە، یەکێتى داواى رێکخستەوەی دەکات.
لە مادەى 1ـى یاساکەى ساڵى 1992دا هاتووە ئەنجومەنى نیشتمانیی کوردستانى عێراق لە 100 ئەندام پێکدێت، بەڵام لە ساڵانى دواتردا بۆ 111 ئەندام زیادکرا.
مادەى 9 تایبەتە بە بازنەکانى هەڵبژاردن و تێیدا هاتووە، کوردستانى عێراق دەکرێتە چەند بازنەیەکى هەڵبژاردن بە مەرجێک لە 4 بازنە کەمتر نەبێت. ئەمەش دواتر کرا بە یەک بازنە.
مادەى، 15 تایبەتە بە تۆمارى دەنگدەران.
مادەى 36ى هەموارکراو، کە ئامانج شەمعون سکاڵاى لەسەر تۆمارکردووە تایبەتە بە کورسی کۆتای کلدان و ئاشورییەکان تورکمان و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، محەمەد سەعدەدین وەک نوێنەرى پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ لە دانیشتنەکەى دادگا ئامادە دەبێت و داوا لە دادگا دەکەن سکاڵاکە رەتبکاتەوە و کورسیی کۆتاکان وەک پێشوو بمێنێتەوە.