زووم:
لای کچانی ئەفغانستان، چوونە زانکۆ و پەیمانگەکان کۆتا قۆناغی خوێندن نییە، بۆ ئەوان خوێندن لە دوای پۆلی شەشەمی بنەرەتی کۆتایی دێت، چونکە بەپێی یاساکانی تاڵیبان، کچان لە تەمەنی 13 ساڵییەوە بۆیان نییە بچنە قوتابخانە و بەردەوامبن لە خوێندن.
بە فەرمانی تاڵیبان، ئەو کچانەی قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی تەواو دەکەن، دوای تەواوکردنی کۆتا تاقیکردنەوەیان، دەرفەتی ئەوەیان پێنادرێت بچنە قۆناغی حەوت و درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن، بۆیە جارێکی دیکە پێ ناخەنەوە ناو پۆلەوە.
لەبارەی کۆتا قۆناغی خوێندنیانەوە، چەند کچێکی 13 ساڵ بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسیان گوتووە، دڵتەنگن بەوەی ناتوانن داهاتووی خۆیان دیاریبکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.
لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە ئەیلولی ساڵی 2021، تاڵیبان دوای دوو دەیە لە شەڕ و ئاڵۆزیی، دەسەڵاتی لە وڵاتەکەدا گرتەوە دەست و کۆمەڵێک یاسای تایبەتی دەرکرد.
دیارترین بڕیار، کە رەخنە و کاردانەوەی زۆری نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان و کچان، هەروەها خوێندنیان بوو لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەڵام لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بڕیارەکەیان بەسەر خوێندنی ئامادەییشدا جێبەجێکرد و پۆلی شەشەمی بنەڕەتییان وەک کۆتا قۆناغی خوێندن بۆ کچانی وڵاتەکە دیاریکرد.
تاڵیبان کێشەی لەگەڵ خوێندنی ئاینیدا نییە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی ئەفغانستان رایگەیاند، کچان و ژنان لە هەر تەمەنێکدا بن رێگەیان پێدەدرێت لە خوێندنگە ئاینییەکاندا بخوێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە هەمیشە لەو وڵاتەدا وا باو بووە کە کوڕان لە خوێندنگە ئایینییەکاندا بخوێنن.
بەگوێرەی رێکخراوی یونسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوشانی کایەکانی دیکەی ژیان لە ئەفغانستان، سیستمی پەروەردە لەو وڵاتەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەتایبەت بۆ کچان و ژنان، بەشێوەیەک لە بەهاری ساڵی رابردووەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار کچ رێگرییان لێکراوە بچنە خوێندنی دواناوەندییەوە.