زووم:
کێشەی جیاوازیی ئاینی و ئیتنی لە نایجیریا سەریهەڵدایەوە، گروپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر چەند گوندێکی کەمینەکان و سەدانیان لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە زنجیرە پەلامارێکدا بۆ سەر چەند گوندێکی نایجیریا زیاتر لە 160 کەس کوژراون، ژمارەی کوژراوەکانی ئەم رووداوە زۆر لەو ژمارەیە زیاترە، کە رۆژی یەکشەممە حکومەتی وڵاتەکە باسی کرد و گوتی تەنها 16 کەس کوژراون.
مەندەی کەسا، سەرۆکی حکومەتی خۆجێیی بۆکۆسی سەر بە هەرێمی پلاتوو، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی گوت، “هێرشەکان لە ڕۆژی شەممەوە دەستیان پێکردووە و تا بەیانیی دووشەممە بەردەوامبوون، دڵنیاین کە زیاتر لە 113 کەس لەو پەلامارانەدا کوژراون”.
کەسا دەڵێت، “ئەو گروپە چەکدارانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە بە (چەتە) ناسراون، بە بەرنامەیەکی رێکخراو پەلاماری 20 گوندیان داوە و ماڵەکانیان سوتاندوون و جگە لە کوشتنی ئەو ژمارە کەسە، 300 کەسی دیکەشیان بریندارکردووە.
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ژمارەیەکی دیکەی لەبارەی کوژراوەکانەوە لایە، دەڵێت، بەهۆی ئەو پەلامارانەوە لە 18 گوندی هەرێمی بۆکۆس، 104 کەس کوژراون, ئەو گوندانەی پەلامار دراون ساڵانێکە کێشەی جیاوازیی ئاینی و ئیتنییان هەیە.
بۆیە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی هەڵکشانی توندوتیژییەکانەوە نیگەرانە، دەڵێت، هیچ بەرپرسێکی حکومەتی نایجیریا گوێ بەو پەلامارانە نادات کە دەکرێنە سەر کەمینەکانی هەرێمی پلاتوو.
کێشەی جیاوازیی ئاینی و ئیتنی و هەروەها ناکۆکیی نێوانی جوتیارەکان و شوانکارەکان لەسەر زەویی کشتوکاڵی، هاوتا لەگەڵ دەرکەوتنی گروپی جیهادیی بۆکۆ حەرام لە باکوری رۆژهەڵاتی نایجیریا لە ساڵی 2009وە، بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی دوو ملیۆن هاوڵاتی.