زووم:
وابڕیارە لە 31ی ئازاری ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت، لەئێستاشدا وەرگرتنی داواکاری بۆ کاندیدی پارتە سیاسییەکان کۆتایی هاتووە.
وەک هەمیشە، هەریەک لە شارەوانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە زۆرترین سەرنجیان لەسەرەو لەلایەن پارتی دەسەڵات ئاک پارتی و پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە کێبڕکێی لەسەر دەکرێت.
دەنگی کورد لە شارە گەورەکانی وەک، ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و ئەنتاڵیا یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ ئەو دوو پارتە، بە ئەندازەی ئەوەی کورد دەتوانێت هاوکێشەکانی هەڵبژاردن بگۆڕێت.
جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بۆ شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ کاندید دەکاتەوە و ئاک پارتیش تائێستا لەنێوان سێ کاندیدا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.
راپرسییەکان دەریانخستووە ئیمامئۆغڵو دەنگی زیاتر بەدەستدەهێنێت لە بەرامبەر سێ کاندیدەکەی ئاک پارتی، هەروەها ئەوەش ئاشکرا کراوە زۆرینەی کورد لە ئیستەنبوڵ دەنگ بە کاندیدی جەهەپە دەدات.
بەگوێرەی راپرسییەکی سەنتەری مێترۆپۆل کە لە سایتی T24 بڵاوکراوەتەوە، بۆ پۆستی سەرۆکشارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەنگی زیاتری هێناوە لە سێ کاندیدەکەی ئاک پارتی بەدەستهێناوە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی یەکێکیان ئاشکرا بکرێت.
راپرسییەکە لە 39 قەزای سەر بە پارێزگای ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە، بۆچونی 1500 کەس وەرگیراوە.
سەلچوک بایرەکتار، ئەندازیار و بەڕێوەبەری دامەزراوەی درۆنی بایرەکتارە، یەک لەو ناوانەیە کە ئاک پارتی بەنیازە کاندیدی بکات، لە راپرسییەکە ئیمامئۆغڵو %45 و بایرەکتار %38 دەنگی هێناوە.
ئەگەر هەیە عەلی یەرلیقایا، وەزیری بەرگری تورکیا کاندید بکرێت کە لە راپرسییەکەدا %37 و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو %46.6 دەنگیان هێناوە.
هەروەها موراد قوروم، پارلەمانتاری ئاک پارتی لە ئیستانبوڵ، ئەگەر کاندید بکرێت %39 ی دەنگەکان و ئیمامئۆغڵو %48.2 بەدەستدەهێنێت.
راپرسییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە %75.2 ی دەنگدەری دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەدەن و %84 ی دەنگدەری پارتی باش دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن.