زووم:
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژاڤا، لە لاپەڕەى تایبەتى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا وەرچەرخانێکی مەترسیدارە، بە ئامانجکردنی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەبێتە هۆی گەیاندنی زیانی زۆر بە هاووڵاتیان و ئاماژەیەکە بۆ پیادەکردنى سیاسەتی نوێی قڕکردن.
مەزڵووم عەبدی داوا لە تورکیا دەکات گرنگى بە دۆسیە نێوخۆییەکانی بدات و لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا چارەسەریان بکات، دەشڵێت، جەختکردنەوە لەسەر کردنەئامانجی بێکۆتایی، ئاستی نیگەرانییەکان و گرژییەکان زیاد دەکات و هەوڵەکانی سەقامگیری کەمدەکاتەوە و مەترسییەکانی دەرەوەی سنووریش زیاد دەکات.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بۆ راگرتنی تورکیا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بکات و دەڵێت، بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیەکی ترسناکە، چاومان لەو رێککەوتننامانەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەمانە بۆ خۆلادان لە تێكچوونی دۆخەکە و روودانی شەڕێکی گەورە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش، چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکان، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان لە باکووری عێراق و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە مەبەستی هەرێمی کوردستان و رۆژاڤایە، دەستپێکردووە و 29 پەناگە و ئەشکەوت و کۆگا و وێستگەی نەوتییان بۆردومان کردووە.
لە راگەیەنراوەکەی تورکیادا هاتووە، ئەو شوێنانەى بۆردومان کراون، بریتین لە قامشلۆ و تربەسپی و عامودێ و دێرک، کە بەوتەی وەزارەتەکە، شوێنی مانەوەی گەریلا و شەڕڤانان بووە و بەو هۆیەوە 26 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەى زانیارییە نێوخۆییەکانى رۆژاڤا، تورکیا ٣٧ شوێنی ژێرخانی، ٢٥٣ شوێنی نیشتەجێبوون و ٤١ شوێنی سەربازیی بۆردومانکردووە، هەروەها ٪٨٨ی شوێنە ئامانجدارەکان ناوچەی سڤیل بوون و دوور بوون لە ناوچەی سەربازی.
زوومی رۆژاڤا، زانیوێتى، لە بۆردومانەکەى تورکیا، 22 ناوەندی خزمەتگوزاری و بازرگانى لە قامیشلۆ و کۆبانى کراونەتە ئامانج و 8 هاوڵاتى گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکە برینداربوون.
ئەو ژێرخانە ئابورییانەى تورکیا بەئامانجی گرتوون:
- کارگەى پیشەسازی لە گەڕەکى عەلایا
- ناوەندێکى پیشەسازیی بیناسازی لە باکوورى قامیشلۆ
- چاپخانەى سیماف لە رۆژهەڵاتى قامیشلۆ
- ئاشی هاڕینى دانەوێڵە
- کارگەى دروستکردنى کەلوپەلی کشتوکاڵی
- وێستگەى شەمەندەفەر لە ناوەندی شاری قامیشلۆ
- کارگەى رۆهلات بۆ بەرهەمھێنانى زەیتى زەیتوون لە قامیشلۆ
- کارگەى ئاڵفی ئاژەڵ
- کارگەى درومان
- هۆڵی ئاهەنگەکانى کەرەم لە جەزیرە
- نەخۆشخانەى مشتەنوور
- ناوەندی تەندروستىی شۆردنى گورچیلە
- کێڵگەى پەلەوەری لەسەر رێگەى حەلەب
هەندێک لەم شوێنانە زیاتر لە جارێک و هەندێکیان پێنج جار بۆردوومان کراون