زووم:
ئەمساڵ، ئاهەنگەکانی کریسمس و یادکردنەوەی لەدایکبوونی مەسیح، تێکەڵ بە جەنگەکانی غەزە و ئۆکراینا بووە.
لهكاتێكدا ئاڵۆزی و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەزە و هێرشهكانی روسیا لە ئۆکراینا بوونەتە سێبەرێكی ڕهش بۆ پشووەکانی کریسمس، پاپا فرانسیس بە جەختكردنەوە لە چهسپاندنی ئاشتی، وتاری یادی کریسمسی دەستپێکرد.
پاپا لە پەیامەکەیدا دهڵێت، “دڵمان لە بەیتلەحمە، لەوێ شازادەی ئاشتی جارێکی دیکە لەلایەن لۆژیکی نەزۆکی جەنگەوە رەتکرایەوە”.
بەیتلەحم کە دەکەوێتە کەناری رۆژئاواوە و کریستیانەکان باوەڕیان وایە عیسای مەسیح زیاتر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر لەوێ لەدایکبووە، ئاهەنگی ساڵانەی کریسمسی هەڵوەشاندەوە، کە ساڵانی پێشوو هەزاران گەشتیاری بەلای خۆیدا رادەکێشا.
لە ناوەڕاستی شارەکەدا ئاڵایەکی گەورەی فەڵەستینییەکان هەڵکراوە، لەسەری نووسراوە، “زەنگەکانی بەیتلەحم بۆ ئاگربەست لە غەزە لێدەدەن”.
نیکۆل نەجاری تەمەن 18 ساڵ لە بەیتلەحمەوە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، گوتی “خەڵکێکی زۆر لهپێناو ئەم خاکەدا دەمرن، بۆیه لە کاتێکدا خەڵکەکەمان دەمرن، ئاهەنگگێڕان زۆر قورسە.”
لە سوریاش کڵێساکان ئاهەنگەکانیان سنووردار کرد بۆ نزاکردن بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ فەڵەستینییەکان.
لە ئۆکرایناش بۆ یەکەمین جار لەدوای ساڵی 1917وە، ئاهەنگی کریسمس لە 25ی مانگی دوانزەدا دەگێڕدرێت لە بری 7ی مانگی یەک، کە روسیا دیارییکردووە بۆ ئاهەنگەکانی کریسمس.
لە رۆژهەڵات و باشووری تورکیاش کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزەوە زۆربەی ناوچەکە خاپوور بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر له 50 هەزار کەس لە تورکیا و زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکەش لە سوریا، یادکردنەوەی کریسمس تێکەڵ بە یادەوەریی قوربانییەکان کرا، لە ئەنتاکیا، بەشێک له مهسیحییهكان لەبەردەم کڵێسا خاپووربووەکەیاندا ئاهەنگیان گێڕا.
وەهبی تەدراسگلی تەمەن 55 ساڵ، کە خێزانەکەی و دووان لە منداڵەکانی لە بومەلەرزەکەدا گیانیانلەدەستدا، گوتی، “گرنگە بۆ ئێمە ئاهەنگ بۆ لە دایکبوونی عیسای مهسیح بگێڕین”.