زووم:
بە دەمووچاوێکی خوێناوییەوە و لەناو بۆرییەکی کۆنکرێتی گەورە لە شاری سرت دۆزرایەوە، لە هەموو لایەکەوە خەڵکی چەپۆک و زلـلەیان لێ دەدا، ئەوان هاواریان دەکرد “قەزافیمان گرت، ستەمکارەکەمان گرت”، ئەوە دواین دیمەنی سەرۆکوڵاتێک بوو، کە دوای 12 ساڵ هێشتا گۆڕەکەی لەناو بیابانێکی گەورە و فراواندا ونە و نەدۆزراوەتەوە.
پاش دەستگیرکردنی، تەرمی قەزافی کە ماوەی 45 ساڵ حوکمی تەواوەتی لیبیاى کرد، لە ژوورێکی سارد دۆزرایەوە، کە بۆ پاراستنی سەوزە و میوە لە میسراتەی رۆژئاوای لیبیا بەکاردەهێنرا، دواتر 20ی تشرینی یەکەمی 2011 بە رۆژی مردنی دیاریکرا.
رۆژنامە شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، قەزافی و موعتەسەمبیلای کوڕی و ئەبوبەکر یونس، وەزیری بەرگرییەکەی کەوتوونەتە دەستی چەکدارانی گروپی “شۆڕشگێڕانی میسراتە” و ئەوان خۆیان کوشتوویانن، پاش شۆردن و نوێژلەسەرکردنی، بە ئۆتۆمبێلێک و بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک تەرمەکانیان گواستووەتەوە بۆ قۆڵایی بیابانەکانی میسراتە و لەوێ بەخاکیان سپاردوون.
ئەو چەکدارانە لە کاتی بردنی تەرمەکاندا نەیانهێشتووە کەس بزانێت و تێبینی ئەوە بکات بۆ ئەوەی گۆڕەکەی ون بێت و نەدۆزرێتەوە.
تا ئێستا ونبوون و دیارنەبوونی گۆڕی قەزافی داواکاری سەرەکی سەیفولئیسلامی کوڕی قەزافی و لایەنگرانی حکومەتی پێشووە و بەردەوام دەچنە دادگاکان، داخوازی بەرز دەکەنەوە، بەڵام هیچ وەڵامێک وەرناگرنەوە.
ناسر هەوارییە، پارێزەری راسپێردراوی بنەماڵەی قەزافی بە شەرق ئەوسەتی گوتووە، هیچ سەرکردەیەکی عەرەبی نییە لە پاش مردنیەوە نەزانرێت گۆڕەکەی لە کوێیە، ئەمە تەنها لە لیبیادا ڕووی داوە.”
سەلاح بادی، یەکێکە لە سەرکردەکانی گروپە چەکدرەکان لە میسراتە و خۆی بەشداری لە شاردنەوەی تەرمی قەزافی کردووە و دەڵێت، ئەگەر کەسایەتی و جەماوەری شارە لیبییەکان پێیان باش بێت، ئامادەیە شوێنی گۆڕەکە ئاشکرا بکات.
لەگەڵ هەر ساڵیادێکی کوژرانی قەزافیدا، پشتیوانان و لایەنگرانی داوای ئاشکراکردنی شوێنی بەخاکسپاردنی دەکەن، بۆیە لە 28ی نیسانی ئەمساڵدا، تیمی سەیفولئیسلامی کوڕی قەزافی لە کۆنگرەی نیشتمانیی بۆ ئاشتەوانیی نیشتمانیی لیبیا کشانەوە.