جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا لەسەر پشکى دیموکراتەکان دەڵێت، ئێمە کورسی کەمترمان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەدەستدا بەراورد بە یەکەم هەڵبژاردنی نیوە خولى هەر سەرۆکێکی دیموکرات لە 40 ساڵی رابردوودا.
ئەو دەڵێت “باشترین نیوە خولمان هەبووە بۆ حاکمى ویلایەتەکان لە ساڵی 1986ەوە”
بەگوێرەى دەنگى جیاکراوە؛ تاوەکو ئێستا لە ئەنجومەنى نوێنەران، کۆمارییەکان 209 کورسی و دیموکراتەکان 191 کورسییان بەدەستهێناوە.
لە ئەنجومەنى پیران، کۆمارییەکان 49 کورسی و دیموکراتەکان 48 کورسییان بەدەستهێناوە، دوو کورسی سەربەخۆش هەن، نزیک لە دیموکراتەکان، بۆیە دیموکراتەکان لەپێشەوەن.
بۆ حاکمى ویلایەتەکانیش تاوەکو ئێستا بەمشێوەیە، کۆمارییەکان 24 حاکم و دیموکراتەکان 22 حاکم. لە کۆى 50 ویلایەتەکەى ئەمریکا، رۆژى دووشەممە، 8ى نۆڤەمبەر، هەڵبژاردن بۆ حاکمى 36 ویلایەت ئەنجامدرا، ئەو 14 ویلایەتەى هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام نەدرا، هەشت ویلایەتییان حاکمى سەر بە کۆمارییەکانن، شەش ویلایەتەکەى دیکەش حاکمى سەر بە دیموکراتەکانن.
نەخشەى دابەشبوونى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پیران و ویلایەتەکان بەمشێوەیە بوو
دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکە زۆرینە بوون، لە ویلایەتەکانیش کۆمارییەکان زۆریینە بوون.
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان، زۆرینەى ئەو کاندیدە کۆمارییانەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا پشتگیرى کردوون، لە هەڵبژاردنى نیوە خول سەرکەوتوو نەبوون.
رۆژنامەى تایمزى بەریتانى دەڵێت، ترەمپ بەهۆی دەرنەچوونی کاندیدەکانی زۆر “توڕە و بێهیوا” بووە، تەنانەت دەنگی بەسەر هاوسەرەکەشیدا بەرزکردۆتەوە.
رۆژنامەى ئای بەریتانى دەڵێت رۆن دیسانتس، کاندیدى کۆمارییەکان بۆ حاکمى ویلایەتى فلۆریدا، بەهۆی سەرکەوتنی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکەدا، پێشبینی دەکرێت ببێتە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لە ساڵی 2024، لەکاتێکدا ترەمپ دەیەوێت خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید بکاتەوە.