بەگوێرەی ئامارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران، رێژەی وازهێنان لە خوێندن بەراورد بەساڵی رابردوو، ٪17 زیادکردووە. هەژاری دیارترین هۆکاریەتی، هەر بەگوێرەی ئامارەکە نیوەی دانیشتوانی ئێران ناویان لە لیستی هەژاراندایە، ناوەندەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە،
لە ئێران 911 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشن و 279 هەزار خوێندکاریش وازیان لە خوێندن هێناوە. هۆکاری سەرەکیی وازهێنانەکەش هەژارییە.کچان و منداڵانی نزیک سنوورەکان زۆرینەی ئەو منداڵانە پێکدەهێنن کە لە سەرانسەری ئێراندا وازیان لە خوێندن هێناوە.
عەلیرەزا عەبدی، سەرۆکی رێکخراوی بزووتنەوەی خوێندەواری لە ئێران، کە هاوکات بریکاری وەزیری پەروەردەیە، بە ئاژانسی ئیلناى فەرمى رایگەیاندووە، نزیکەی حەوت ملیۆن و 400 هەزار کەسی نەخوێندەوار لە ئێراندا هەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکى رۆژنامەی ئیعتماد، ئەو ئامارە فەرمییانەی سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە ئاماژەن بۆ تێکچوونی دۆخی پەروەردەی گشتی لە ئێران، کە نزیکەی نیوەی خوێندکاران، تێکڕای نمرەکانیان کەمتر لە ئاستی پێویست بووە بۆ دەرچوون.
بەراوردکردنی داتاکانى راپۆرتەکە لەگەڵ تێکڕای نمرەکانی ساڵی 2019 دەریدەخات، کە ئەمساڵ بەراورد بەو ساڵە نزیکەی %20 لە کۆی نمرەکانی خوێندکاران کەمیان کردووە.بەگوێرەى راپۆرتەکە دابەزینی نمرەکان لە سێ بابەتدا زیاترن، ئەوانیش؛ ئایین، قورئان و زمانى عەرەبی، کە 24% ئاستەکانیان دابەزیوە.
عەلی خامنەیی، رێبەرى شۆڕشى ئیسلامى ساڵى رابردوو داواى لە وەزارەتى پەروەردە کرد، گۆڕانکاری فراوان و ئایدۆلۆژی لە کتێبەکانی خوێندن و سیستمی پەروەردەدا بکات.
لەسەر بنەمای ئەمەش سەرۆکی رێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی ئەمساڵ کۆتاییهاتنی گۆڕینی ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندن و بەکارهێنانی کتێبی تازەى بۆ خوێندکارانی قوتابیانى پۆلى یەکەم لە ساڵی داهاتووەوە راگەیاند.