زووم:
ئاو و نەوت، دوو گرنگترین کێشەکانیانن، سەردان و دیدارەکانی ئەمدواییەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو کێشە جەوهەرییەن.
عێراق لەسەر ئاستی سەرۆکوزیران و وەزیری دەرەوەیدا، چەند جارێک داوای لە ئەنقەرە کردووە کارئاسانی زیاتر بکات بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق.
لە 24 ساڵی رابردوودا، ساڵی 2023 یەکێک بوو لە ساڵە هەرە وشکەکانی عێراق، بەجۆرێک بە رووباری دیجلەدا پیادەڕە و دەپەڕییەوە.
رستەی “نەوت بەرامبەر خۆراک” یادەوەرییەکی ناخۆشی هەبووە بۆ عێراقییەکان
لەسەرتای نەوەدەکانی سەدەی رابردودا، رستەی “نەوت بەرامبەر خۆراک” یادەوەرییەکی ناخۆشی هەبووە بۆ عێراقییەکان، بەڵام ئەمجارە لەنێوان عێراق و تورکیا، رەنگە رستەکە ناخۆشتر بگۆڕێت.
ئەنقەرە پەیامێکی دیکەی بۆ عێراق هەیە، پەیامێک، ئەگەر لە رابردوودا ناڕاستەخۆ و بە شەرمەوە دابێتی بە بەرگوێی عێراقدا، بۆ ئەمجارە بەڕوونی پێی گوتووە “ئاو بەرامبەر نەوت”.
رەنگە عێراق ناچار بێت کارتی نەوتەکەی بەکاربهێنیت بەرامبەر ئاوی تورکیا، بەڵام داواکارییەکانی تورکیاش کەم نیین بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ عێراقییەکان.
ئەوەی لای حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی روونە، تورکیا سەقفی داواکارییەکانی بۆ بەردانەوەی ئاو بەرزکردووەتەوە.
نەوت، بابەتە سەرەکییەکەیە، کە چاوەکانی تورکیا بە زەقی دەیانبینێت
مەرجەکانی تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاو، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراقە بە خاکی تورکیا و کەمکردنەوەی بڕی ئەو قەرەبووانەی دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندی بیداتە عێراق، کە بڕکەی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوو.
داواکارییەکانی تورکیا هەر ئەمانە نیین، بەڵکو فشار دەکات عێراق ناچاربێت دەست لەسەرجەم سکاڵاکان هەڵبگرێت، دواتر نەوتەکەی بە هەرزانتر لە رێگەی تورکیاوە بفرۆشێت و باج و خەراجی ناردنی نەوت لەسەر عێراق زیاد بکات و کرێی چاکردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتیش بگرێتە ئەستۆ.
بڕیاری راگرتنی ناردنی نەوتی عێراق بە خاکی تورکیا، بۆ ماوەی نۆ مانگ زیاتر، زیانی ئابووریی گەورەی بە عێراق گەیاند
بڕیاری راگرتنی ناردنی نەوتی عێراق بە خاکی تورکیا، بۆ ماوەی نۆ مانگ زیاتر، زیانی ئابووریی گەورەی بە عێراق گەیاند، بەڵام رەنگە ئەمجارە حکومەتی عێراق، بۆ یەکەمجار بەناچاری رەزامەندی نیشانبدات بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە خاکی تورکیا، بەو نرخەی کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتووە.
بەوەش رەنگە دەرگایەکی فراوانتر بەڕووی هەولێر و بەغداد بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی لەسەر بوجە و مووچە لەنێوانیان دروست بووە.