زووم:
ئەمڕۆ نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بانکی ناوەندیش بڕێکی زیاتری بە شێوەی نەختینەیی خستەبازاڕەوە.
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار چەند رۆژێکە بەردەوامە، بەیانی ئەمڕۆ و لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکانی دراو، 100 دۆلاری ئەمریکی دابەزی بۆ 151 هەزار و 300 دیناری عێراقی.
هەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 209 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە کە نزیکەی 29 ملیۆنی بە شێوەی نەختینەیی بووە و ئەوی دیکەی بە حەواڵە نێردراوە.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵێۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی دۆلار بۆ عێراق.
رۆمانۆڤسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و بۆ یەکەمجارە چەند بانکێکی عێراقی پەیوەندییان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان دروستکردووە.
باڵێۆزی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە بە ئاڕاستەی چاکسازی لە کەرتی بانکیی عێراقدا و دووپاتیکردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاریی دۆلار لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ئابوریی عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەڕاستی ئەم مانگە، شاندێکی بانکی ناوەندی عێراق و بانکی فیدراڵی ئەمریکا لە دوبەی ئیمارات کۆبوونەوەو لە کۆبوونەوەکە شاندە ئەمریکییەکە دڵنیایی دابوو بە شاندە عێراقییەکە، کە لە ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبن لە ناردنی بڕی پێویستی دۆلار بۆ عێراق.