زووم:
دادگای فیدڕاڵیی عێراق دادبینی بۆ دوو سکاڵای موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دابەشنەکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دواخست.
ئاسۆ عوسمان، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە زوومی وت: دادگای فیدڕاڵی دانیشتنەکەی دواخست بۆ 21ی کانونی دووەمی 2024 و داوای شارەزایەکی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کردووە تا رای خۆیان لەبارەی پرسەکە ئاشکرابکەن.
ئاسۆ عوسمان گوتیشی: دادوەری دادگای فیدڕاڵی رایگەیاندووە، ناکرێت فەرمانبەران باجی ناکۆکی و رێکنەکەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بدەن و ماف و شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت، لەکاتێکدا ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە.
سکاڵای یەکەم لەلایەن چوار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە دژی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدژی ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 30 رۆژ جارێک مووچەیان پێنادرێت.
سکاڵای دووەمیش، لەلایەن نۆ فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لەسەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆماریان کردووە، ناوەڕۆکی ئەم سکاڵایە لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە.