زووم:
ئەو دیمەنانەی لەناوچەی رەفەح لە باشووری غەزە لەلایەن میدیا جیهانییەکان بڵاودەکرێتەوە، بەسە بۆ ئەوەی بزانیت چ دۆخێک لەو کەرتە گەمارۆ دراوەدا دەگوزەرێت. منداڵ، پیر و گەنج بەهۆی برسێتییەوە هاواریان لێهەڵساوە و چاوەڕاوانن دەفرێک خواردنیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە.
لەدوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆسەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، زیاتر لە 1.9 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و بێ ماڵوحاڵ مانەوە.
دۆخی هاوڵاتییانی غەزە بەشێوەیەکە زۆرینەی دانیشتووانی کەرتەکە لە کامپەکاندا ژیان بەسەردەبەن و بەشێکیشیان لەسەر شەقامەکان رۆژدەکەنەوە.
سەرەڕای ترس و دڵەڕاوکێ و خەمی لەدەستدانی ئازیزانیان، فەلەستینییەکان لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیلەوە خەمی کەمی خۆراک، ئاو، سوتەمەنی و پێداوسیتی پزیشکیشیانە.
دۆخی برسییەتی خەڵکی ناوچەکە هێندە خراپە دەبێت بۆ چەندین کاتژمێر لە سەرەدا بمێننەوە. هەندێکجاریش بە دەستی خاڵی دەگەڕێنەوە.
ئەسیل، دانیشووی رەفەح دەڵێت: ئێمە هەموو رۆژێک دێین بۆ ئەوەی کەمێک خواردنمان دەستبکەوێت. بەڵام دەبێت لە سەرەیەکی دورو درێژدا بۆماوەی یەک دوو کاتژمێر بوەستین و هەندێک جار خواردنمان دەستدەکەوێت و هەندێک جاریش هیچ خواردنێکمان دەستناکەوێت.”
لەبارەی ئەم دۆخەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس رایگەیاند، لە کۆی پێنج برسیترین کەسی جیهان چواریان لە غەزەن، وەک ئاماژەیەک بۆ خراپی دۆخی مرۆیی لەو کەرتەدا.
هاوکات بەکر ئەلناجی، ئاوارەبووی غەزەیە دەڵێت: “بەداخەوە، ناخۆشترین شت لە کارەکەماندا ئەوەیە، دوای ئەوەی لە چێشت لێنانەکە تەواو دەبین، منداڵ، بەتەمەن و ژنان بە قاپ و مەنجەڵی بچووکەوە دێن بەرەو روومان و پێمان دەڵێن: مامە هیچمان نەخواردووە، ئەم بەیانییە نانمان نەخواردووە، پێویستمان بە خۆراکە، بەڵام خواردنەکە کۆتایی هاتووە، لەوکاتەدا ناتوانین هیچ بکەین.”
رۆژی هەینی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد، کە داوای زیادکردنی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە دەکات، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی دەرنەکەوتووە و خەڵکیی بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن.