▪️زووم..
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی تواندنەوەی کانزای نیکڵ لە دوورگەی سولاوێسی لە ئەندەنووسیا روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 13 کرێکار گیانیان لەدەستدا و 38 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەقینەوەکە لەکاتێکدابووە کرێکارەکانی کارگەکە خەریکی چاککردنەوەی فڕنی تواندنەوەی کانزاکە بوون و کاتژمێر 5:30 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی ئەو وڵاتە روویداوە، ئاگرەکە هێندە بەهێز بووە کە لە کاتژمێر 9:30 خولەکدا کۆنترۆڵکراوە.
تەقینەوەکە لەسەرەتادا لە تەقینەوەیەکی دیکەی بچووەکەوە روویداوە، چونکە لەو شوێنەدا چەندین بوتڵی ئۆکسجین هەبوون کە بۆ بڕینەوە و لەحیمکردنی پارچەکانی فڕنەکە بەکاریان هێناون.
نیکڵ یەکێکە لەو کانزا گرنگانەی کە سەرچاوەیەکی باشی لە وڵاتی ئەندەنووسیا هەیە، هەربۆیە بە یەکەم وڵات دادەنرێت لەڕووی بەرهەمهێنانی ئەو کانزایەدا.
بەهۆی زیادبوونی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا، خواست لەسەر کانزای نیکل کە بۆ دروستکردنی پاتریی بەکاردێت، زیادیکردووە.
ئەندەنووسیا بۆ دابینکردنی بەرهەمی پێویستی ئەو کانزایە لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی پەرەپێدانی چەندین کارگە و پیشەسازییی بەرهەمهێنانی ئەو کانزایەی داوە. بەو هۆیەشەوە چەندین رووداوی نەخوازراو لەم ساڵانەی دواییدا لەو کارگانەدا روویانداوە. هەربۆیە سەرۆکی وڵات جۆکۆ ویدۆ بەڵێنی داوە چادێریکردنی کەرتەکە توندتر بکات و ستانداردەکانی ژینگەی کارکردنی کرێکارەکان بەرزتر بکاتەوە.