زووم:
لە فڕۆکەخانەی تاران، هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگرییان لە پارێزەرەکەی ژینا ئەمینی کرد و دەستیان بەسەر ئەو خەڵاتەدا گرت، کە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە درابوو بە ژینا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو محەمەد ساڵح نیکبەختی پارێزەر، لە فەرەنساوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران رێگرییان لێکردووە، خەڵاتی زاخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپاشیان لە نیکبەخت سەندووە و دەستیشیان گرتووە بەسەر مۆبایل و پاسپۆرتەکەیدا.
پارێزەرەکەی ژینا بەهۆی قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵات لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە نوێنەرایەتیی ئەو بنەماڵەیە بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا و بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکە خەڵاتەی وەرگرت، بەڵام دوێنێ شەو، کە گەڕاوەتەوە تاران، رێگرییەکەی لێکراوە و پێیگوتراوە گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغەکراوە.
ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ، کچێکی کوردی دانیشتووی تاران بوو، لە 13ی ئەیلولی ساڵی 2022 بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای سەرپۆش، لە تاران دەستگیرکرا، بەڵام سێ رۆژ دوای ئازادکردنی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و خانەوادەکەی رایانگەیاند، بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە خۆپیشاندان و نارەزایەتیی لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و “ژن، ژیان، ئازادی” بووە دروشمی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان، کە دواتر گرژیی لێکەوتەوە دەیان خۆپیشاندەر کوژران.