زووم:
لەسێدارەدان لە ئێران هەڵکشاوە، بەتایبەت لەسێدارەدانی هاوڵاتییانی کورد، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هێندە بەرزبووەتەوە.
دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرایکردووە، لەمساڵدا لەسێدارەدانی زیندانییانی کورد لە ئێران بۆ 144 حاڵەت بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 52 کورد لەسێدارەدرابوون، واتا رێژەی لەسێدارەدانی کورد لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، 177% بەرزبووەتەوە.
ئێران، هاوشانی سعودیە و میسر 90%ی کۆی لەسێدارەدانەکانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام ئێران بە پلەی یەکەم دێت، بۆیە قورسیی دۆخەکە کاتێک دەردەکەوێت، کە رێژەی گشتیی لەسێدارەدان لە ئێران وەردەگیرێت، بەوپێیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە تەواوی ئێراندا 659 کەس لەسێدارەدراون و بەراورد بە ساڵی رابردوو 24% بەرزبووەتەوە، ئەگەر رەوتی لەسێدارەدانیش بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بۆی هەیە ژمارەی جێبەجێکردنی سزاکە لە ئێران بگاتە بەرزترین ئاست لە هەشت ساڵی رابردوودا.
جاوید رەحمان، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، دەڵێت، هەڵکشانی لەسێدارەدانەکان نیگەرانیی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیاتر دەکات و سەرنج و دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتیی پێویستە بۆ رێگری لە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ.
هەر لە ئێران گروپێکی تایبەت بە چالاکانی مافی مرۆڤ هەیە و ئۆرگانێکی هەواڵییان هەیە بەناوی (هرانا)، بەوتەی ئەوان، لە دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، حکومەتی ئێران لەسێدارەدانی زیاتر کردووە.