زووم:
رێکخراوی تەندرووستی جیهان رایگەیاند، رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان 52% بەرزبووەتەوە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە 28 رۆژی رابردوودا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19ی ناسراو بە کۆرۆنا، لە سەرتاسەری جیهان 52% بەرزبووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش لەو ماوەیەدا 850 هەزار کەسی تێپەڕاندوە و حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە هەڵکشاندایە.
راپۆرتێکی دیکەی تەندرووستیی جیهانی، هەر لەم مانگەدا هۆشداری دایە جیهان، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە لە خۆگۆڕین و کۆرۆنا گۆڕاوەکەش توانای هەیە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تەندرووستیی مرۆڤ.
ڤایرۆسى کۆرنا لە شاری وھان لە وڵاتی چینەوە لە دوایین مانگی ٢٠١٩دا دەرکەوتووە و پەرەی سەندووە، ڤایرۆسەکە تایبەت بە ئاژەڵان بووە، بەڵام لەو ساڵەدا بۆ مرۆڤ گوازرایەوە، لە نیشانەکانی نەخۆشییەک کە لەم ڤایرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، دەکرێت ئاماژە بە تا، پژمین، کۆکە و ھەندێک جار کێشەی ھەناسەدان بکرێت.