زووم:
لە دەریای سوور رۆژانە سەدان کەشتى بازرگانى و نەوتهەڵگر و سەربازی تێدەپەڕین، بەڵام “ماسییە سرکەکانی” دەریای سوور، بوونەتە هەڕەشە بۆ جموجۆڵی گەرووە تەسکەکەى بابولمەندەب.
بابولمەندەب ئەو گەرووە دەستکردەیە ساڵی 1869، دەریای سووری بە دەریای ناوەڕاستەوە بەستەوە، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتى خاوی وڵاتانى کەنداو و زیاتر لە 21 هەزار کەشتى جۆراوجۆری پێیدا تێپەڕ دەبێت.
جەنگی غەزەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، جموجۆڵە سەربازییەکانى ئەمەریکای لە دەریای سور زیاتر کرد، بەڵام زیادبوونى ئەو جموجۆڵەى ئەمەریکا، “ماسییە سرکەکان”ی هارتر کرد.
حوسییەکانى یەمەن، ئەو گرووپە چەکدارییانەى لەسەر ئێران ئەژمار دەکرێن، ئەمریکا بە ماسییە سرکەکان ناویان دەبات.
لە دوو مانگى رابردوودا، لە رێگەى درۆن و مووشەکەوە، چەندین کەشتیی سەربازی و بازرگانى کردووەتە ئامانج.
هەڕەشەکانیان، پنتاگۆنى ناچارکرد، لەگەڵ چەندین وڵاتانى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى هاوپەیمانى دەریا سوور پێکبهێنێت، کە زیاتر لە 20 دەوڵەت ئامادەیی نیشانداوە بچنە نێو هاوپەیمانییەکەوە.
بەگوێرەى رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دوای هەڕەشەى حوسییەکان لە دوو مانگی رابردووەوە، جموجۆلی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، کە پیشتر رۆژانە زیاتر لە 20 کەشتى دەبوون، بەتەواوەتى وەستاوە، بەشێوەیەک تەنها لە دەریای سوورەوە 15%ی ناردەنى نەوت بۆ بازاڕەکانى جیهان دەنێردرا، بەمەش نرخی خاوی برێنت بۆ سەرو 80 دۆلار بەرز کردووەتەوە.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کۆشکى سپی لەڕێگەى هەواڵگرییەوە زانیاریی پێگەیشتووە، حوسییەکان لەڕێی هاوکارییە لۆجستى و تەکنیکییەکانى ئێرانەوە، دەتوانن بە ووردى چاودێری جموجۆڵەکانى دەریای سوور بکەن و چەندین کەشتى و درۆن و چەک و موشەکیشیان بۆ ناردون.
بەگوێرەى رۆژنامەى نیوزویکی ئەمریکی، گەلەکۆمەکێی هاوپەیمانى دەریای سوور، بە سەرکردایەتى ئەمریکا، ئامادەکارییە بۆ جەنگ.
ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی دەڵێت، ئێران راستەوخۆ بەشدارە لە پلاندانان بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، زانیارییە هەواڵگرییەکانیشمان ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە، کە ئێران کلیلی یارمەتیدانی حوسییەکانە لە دەریای سوور پێیەکى لە جەنگەکەدایە.