زووم:
جموجوڵه سه‌ربازییه‌كان له‌نێو ده‌ریای سوور و كه‌ناراوه‌كانی كه‌نداوی عه‌ده‌ن و گه‌روی بابولمه‌نده‌ب چڕتربوونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر وزه و بازرگانی جیهانی زیاتركردووه، به‌تایبه‌ت دوای هێرشی حوسیه‌كان بۆ سه‌ر كه‌شتیه بازرگانییەکان.
ئه‌مریكا ئێران تۆمه‌تبارده‌كات به پێدانى چه‌ک بە حوسییه‌كان بۆئەوەى به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی خۆرئاوا بكه‌نه ئامانج.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مریكی، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و ئامێری چاودێریی و په‌یوه‌ندی و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی له‌لایه‌ن ئێرانەوە بۆ حوسیه‌كان دابیندەکرێت بۆ هێرشکردنە سه‌ر كه‌شتییە بازرگانییه‌كان، له رێڕه‌وه ئاوییه‌كانی كه‌نداوی عه‌ده‌ن و ده‌ریای سور له كه‌رتی به‌ندەری بابولمه‌نده‌ب.
حوسیه‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا شیعه‌ی زهیدین، هاوپه‌یمانی ئێرانن و ده‌سه‌ڵاتیان گرتووە بەسەر زۆربه‌ی شاره سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌مه‌ندا.
پێش چه‌ند رۆژێک ئه‌مریكا هاوپه‌یمانیه‌كی ده‌ریایی فراوانی له ده‌ریای سوور پێکهێنا، به‌ناوی هاوپەیمانیی ئۆپراسیۆنی پاسەوانیی خۆشگوزەرانی، زیاتر لە 20 وڵات پەیوەندییان پێوەکردووە و ئامادەییان ده‌ربڕیوه بۆ ره‌وانه‌كردنی هێز بۆ رێرهوە بازرگانییەكان و كه‌ناراوه‌كانی كه‌نداوی عه‌ده‌ن و ده‌ریای سوور.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆژنامەى وۆڵ‌ستریت جۆرناڵ، ژماره‌یه‌ک كه‌شتی بازرگانی له‌كاتی تێپه‌ڕبوونیان به‌نێو ده‌ریای سووردا، ته‌واوی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و په‌یوه‌ندی موبایل و سه‌رجه‌م هێڵه ئه‌لیكترۆنیه‌كانیان كوژاندووه‌ته‌وه، به‌مه‌ستی خۆپاراستن له هێرشه‌كانی حوسیه‌كان، به‌ڵام كه‌شتییه‌كی ئێرانی له‌ڕێگەی ئامێری رادار و چاودێرییه‌وه، زانیاریی وردی گواستووه‌ته‌وه بۆ حوسییه‌كان بۆئەوەى به‌شێوه‌یه‌كی ئامانجه‌كانیان له‌ڕێگەی درۆنەوە بپێكن.
ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كانی ئێران نه‌بێت، بێگومان زۆربه‌ی موشه‌كه‌كانی حوسیه‌كان ده‌كه‌ونه نێو ده‌ریاوه بێئه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كان بپێكن
رۆژنامەکە لە زارى به‌رپرسێكی ئه‌مریكییەوە دەڵێت، حوسییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خاوه‌نی راداری هه‌ستیار و ته‌كنه‌لۆژیای چاودێری پێشكه‌وتوو نین، ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كانی ئێران نه‌بێت، بێگومان زۆربه‌ی موشه‌كه‌كانی حوسیه‌كان ده‌كه‌ونه نێو ده‌ریاوه بێئه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كان بپێكن.
بەگوێرەى زانیارییه‌كانی به‌رپرسانی رۆژئاوا، هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئێران بۆ حوسییه‌كان له‌ڕێگەی تیمێكی سه‌ربازیی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه رێكده‌خرێت.
رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، كه ئه‌مریكا له‌م قۆناغه‌دا كه جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس بەردەوامە، هه‌وڵده‌دات رۆڵی ئێران له‌و جه‌نگه و له‌ته‌واوی ناوچه‌كدا سنووردار بكات و ئاره‌زووی كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی دیکەى جه‌نگ بۆ ئیسرائیل ناكات.
ئەو ناوچەیەی دەریای سوور کە دووچاری ئاڵۆزیی و گرژیی بووه‌ته‌وە، رێگەیەکە لە بەرتەسکترین ناوچه‌یدا پانیەکەی نزیکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت، دەکەوێتە سنووری بەندەری بابولمەندەبەوە و کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە بە دەریای سوورەوە، لەوێشەوە بەنێو دەریای سووردا دەچێت بەرەو کەناڵی سوێس لە میسر، ئەم شوێنە رێگەیەکی بازرگانیی سەرەکییە بەرەو ئەوروپا.