زووم:
دواى هەفتەیەک لە دواخستن و گفتوگۆی چڕوپڕی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرئەنجام بڕیارنامەیەکى سەبارەت بە غەزە پەسەند کرد.
ئەوەى خەڵکى غەزە چاوەڕوانى دەکرد، رووینەدا و بڕیارنامەکە باسى ئاگربەستى نەکردووە و تەنها باسی گەیاندنى هاوکارییەکان بۆ غەزە دەکات، بۆیە بە بڕیارنامەیەکى لاواز وەسف دەکرێت و چاوەڕوانى زۆرى لێ ناکرێت بۆ گۆڕینى دۆخى خەڵکى غەزە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، دواى پەسەندکردنى بڕیارنامەکە رایگەیاند، شێوازی شەڕی ئیسرائیل بووەتە “بەربەستی گەورە” لەبەردەم دابینکردنی هاوکارییەکان بۆ غەزە، لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە رووبەڕووی قاتوقڕیی بوونەتەوە.
بڕیارنامەکە سەرەتاى هەفتەى رابردوو ئیمارات پێشکەشى ئەنجومەنەکەى کرد و داواى ئاگربەستى دەکرد، بەڵام لە ترسی ڤیتۆى ئەمریکا جارێکى دیکە داڕێژرایەوە و بڕگەى ئاگربەستى لێ لابرا، بەوشێوەیە بە 13 دەنگى بەڵێ بەرامبەر دوو دەنگى بێلایەن پەسەند کرا، کە یەکێکیان دەنگى نوێنەرى ئەمریکا بوو.
بڕیارنامەکە ئیسرائیل ناچار ناکات هێرشەکانی رابگرێت، تەنها داوای هەنگاوی بەپەلە دەکات بۆ هێنانەکایەی دۆخێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا، ئەمانەش دەربڕینێکن، کە دەکرێت بەزۆر شێواز لێکدانەوەی بۆ بکرێت.
رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی لە راپۆرتێکی شیکاریدا نوسیویەتى، دەکرێت ئەم هەنگاوانە لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس لێکدانەوەی بۆ بکرێت.
سەرەڕای ئەوەی بڕیارنامەکەى ئەنجومەنی ئاسایش پابەندکەرن، ئەم بڕیارنامەیە هیچکام لەو مەرجانەی تێدا نییە، کە بیکات بە بڕیارێکی پابەندکەر، چونکە دەبێت لە بڕیارنامەکەدا دەستەواژەی “ئەنجومەن بڕیاردەدات” هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی سەربازیی و ناسەربازیی بنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییەی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستبووە.
بڕیارنامەکە زیاتر وەک ئاماژەیەکی سیاسی لەبارەی رایگشتی جیهانەوە دەبینرێت. لە هەمانکاتدا شتێکی دەگمەنە پێنج ئەندامە زلهێزەکەی جیهان لە ئەنجومەنەکەدا کۆدەنگ بن لەسەر بڕیارنامەیەک، بەتایبەتى ئەمریکا و روسیا.