زووم:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هیواى بە ئەندامبوونى سوید لە ناتۆ بەو وڵاتە دەبەخشێت، هۆکارەکەى پێشهاتەکانى پەیوەست بە کڕینى چەکەوە لەلایەن ئەمریکا و کەنەداوە هەیە.
بەگوێرەى هەواڵێکى ئاژانسى ئەى پی، ئەردۆغان رایگەیاندووە، پێشهاتە ئەرێنییەکانی سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی F16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا و هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەلایەن کەنەداوە لەسەر تورکیا، وادەکات ئێمەش لە پەرلەمان دەنگ بە ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ بدەین.
بایدن بەڵێنی پێداوە فڕۆکەی F16 بە تورکیا بفرۆشێت.
24ـى شوباتى 2022 روسیا هێرشەکانى بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکرد، لە 18ـى ئایارى هەمان ساڵ فینلاند و سوید پێکەوە داواکارى ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکەش بە رێکخراوەکە کرد، فینلاند لە 4ـى نیسانى ئەمساڵ کرا بوو بە ئەندامى ناتۆ، بەڵام بەهۆى رازینەبوونى تورکیا داواکارییەکەى سوید هێشتا رەزامەندى لەسەر نەدراوە.
تورکیا پرسی بە ئەندامبوونى سویدى بەستووەتەوە بە کۆمەڵک پرسەوە، دیارترینیان کڕینى فڕۆکەى F16ـى ئەمریکییە، کە کۆنگرێسى ئەمریکا پرسەکەى هەڵپەساردووە.
تورکیا ساڵی 2021 داوای لە ئەمریکا کرد 40 فڕۆکەی جۆری F16ـى پێبفرۆشێت، بەڵام ناڕەزایەتی لە کۆنگرێس لەسەر دواخستنی داواکاریی سوید بۆ ئەندام بونى هاوپەیمانیی ناتۆ و دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا، وایکرد فرۆشتنی فڕۆکە بە تورکیا دوابکەوێت.
پێش ئەمریکا، کەنەدا لە ساڵی 2019ـەوە گەمارۆى فرۆشتنى چەکى خستووەتەسەر تورکیا، هۆکارەکەى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیایە بۆ سەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژاڤاى کوردستانە. کەنەدا لە ساڵى 2018 بە بەهاى 115 ملیۆن دۆلار چەکى بە تورکیا فرۆشتبوو.
ئەڵمانیا پێش کەنەدا و ئەمریکا لە 2016ـەوە فرۆشتنى چەکى بە تورکیا سنوردار کردووە و ئامادەنییە هێلیکۆپتەرى ئیرۆفایتەر بە تورکیا بفرۆشێت.
بەهۆى چالاکى پەکەکە تورکیا ئامادەنییە سوید ببێت بە ئەندامى ناتۆ.
ئەردۆغان گوتویەتى، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی 15ـى ئەم مانگەیدا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە، بایدن بەڵێنی پێداوە فڕۆکەی F16 بە تورکیا بفرۆشێت.
ئەردۆغان چەندینجار گوتویەتى، بەهۆى چالاکى پەکەکە وڵاتەکەى ئامادەنییە سوید ببێت بە ئەندامى ناتۆ.
هەرچەندە ئەندامێتى سوید لە ناتۆ، زیانى بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو لە بۆندە سەربازییەکاندا سوود بە تورکیا دەگەیەنێت