عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی فراواندا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 304 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی و هاوکاریکردنی رێکخراوی داعش دەستگیربکەن.
یەرلیکایا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە 32 شار بە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەشەوە هەڵمەتەکانیان ئەنجامداوە.
گوتیشی، تەنها لە ئیستەنبوڵ 86 تۆمەتبار دەستگیرکراون و جەختیکردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەڵمەت و ئۆپراسیۆنەکانیان.
لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017، چەند هێرش و تەقینەوەیەک لە تورکیا روویاندا کە درانەپاڵ داعش، لە کانونی دووەمی ساڵی 2017 هێرشکرایە سەر یانەیەکی شەوانە لە ئیستەنبوڵ و بەهۆیەوە 39 کەس کوژران، هەروەها لە ساڵی 2015دا و لە هێرشێکدا بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ئەنقەرە، 109 کەس کوژران و دواتر داعش بەرپرسیارێتی راگەیاند.