بەرەبەرە ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی ئەمریکا بۆ پاراستنی دەریای سوور لە هێرشی حوسییەکانی یەمەن هاواری بۆ دەکات، فراوانتر دەبێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 وڵات پەیوەندییان پێوەکردووە و ئامادەن هێز بنێرن بۆ ئەو رێڕەوە بازرگانییە گرنگەی جیهان.
حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریاکە بە تایبەت بۆسەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان وەک پاڵپشتی و پشتیوانییە بۆ حەماس لە غەزە، بەڵام ئەمە بۆسەر هەموو کەشتییەکان مەترسییە، بۆیە ئەمریکا دەیەوێت ئەو هێزە لە شێوەی هاوپەیمانێتییەکی کراوەدا بێت بۆئەوەی زۆربەی وڵاتان بەشداریی تێدا بکەن بۆ رێگری لە هێرشەکان.
ئەمریکا ناوی ناوە هاوپەیمانیی ئۆپراسیۆنی پاسەوانیی خۆشگوزەرانی و لە 18ی ئەم مانگەدا راگەیەنرا، ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) جەختیکردە کە هێزێکی دەریایی پێکهێنراوە بۆ بەرگریی و دەورییە لە دەریاکەدا.
پاتریک ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، “هێزەکانی بەشدار لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەوریە دەکەن و هاوکار دەبن لە پاراستنی ئەو کەشتییە بازرگانیانەی بەو رێگایەدا دەڕۆن.”
بەریتانیا هەرزوو بەشداریکردنی خۆی لە هاوپەیمانێتییەکەدا ڕاگەیاند، بەڵام وڵاتە عەرەبییەکانی میسر و سعودیە کە سنور و بەرژەوەندییان لەسەر دەریای سوور هەیە و هەروەها ئیماراتیش، نایانەوێت بەشداریی تیادا بکەن.
هەندێک وڵات بەبێ ئاشکراکردنی پەیوەندییان بە هاوپەیمانێتییەکەوە کردووە، وڵاتانی بەحرەین، کەنەدا، فەڕەنسا، ئیتالیا، هۆڵەندە، نەرویج و ئیسپانیا بە ئاشکرا کاری تێدا دەکەن.
پێناچێت هێشتا کاریگەریی دروستکردنی ئەو هێزە دەرکەوتبێت بەوپێیەی ڕۆژانە نزیکەی 50 کەشتیی بازرگانی هەن کە ئەو ڕێگایە بەکاردەهێنن و لە کەناڵی سویسەوە دەپەڕنەوە بەرەو ئەوروپا و هەمووشیان لە مەترسیدان.
هەندێک لە وڵاتانیش خۆیان لەو کێشانە بەدوور دەگرن و واز لە بەکارهێنانی دەریای سوور دەهێنن، بۆ نمونە گروپی کۆمپانیاکانی مولەر مێرسکی دانیمارکی لە ڕۆژی سێشەممەی رابردووەوە رایگەیاندووە کە کەشتییەکانی رێگای باکوری ئەفریقا بەکاردەهێنن کە دە ڕۆژ ماوەکەی درێژتر و دوورترە بەراورد بەوەی دەریای سوور.
ئەو ناوچەیەی دەریای سوور کە گرفتاری ئەم ئاڵۆزییە بووە، ڕێگایەکە لە بەرتەسکترین شوێنیدا پانیەکەی نزیکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت، دەکەوێتە سنوری بەندەری بابولمەندەبەوە و کەنداوی عەدەن دەبەستێتەوە بە دەریای سوورەوە، لەوێشەوە بەناو دەریای سووردا دەچێت بەرەو کەناڵی سویس لە سنووری میسر. ئەم شوێنە ڕێگەیەکی بازرگانیی سەرەکییە بەرەو ئەوروپا.
گەورەکۆمپانیای فلێکسپۆرتی ئەمریکی کە لە بواری هاتوچۆی بازرگانیدا کاردەکات دەڵێت، نزیکەی 180 کەشتی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دەریای سوورەوە لە گەرووی بابولمەندەبەوە ڕاوەستاون و چاوەڕوانی بڕیارن ئاخۆ بەردەوام بن لە رۆشتن یاخود ئاڕاستەکەیان بگۆڕن.
دەشڵێت، ئەم کەشتییانە ئەگەر ناچار بن بە چواردەوری کیشوەری ئەفریقادا بسوڕێنەوە بۆ دەریای سوور، بڕی تێچووی گەشتەکەیان بە ڕێژەی 16٪ بەرز دەبێتەوە.