▪️زووم..
لە زانکۆى چارڵز لە پراگى پایتەختى چیک، خوێندکارێکی تەمەن 24 ساڵان دوای ئەوەی باوکی کوشت، چووە زانکۆکە و دەستڕێژى گوللـەی کرد و بەهۆیەوە 14 خوێندکاری کوشت و 25ی دیکەشی بریندار کرد.
هەرزوو شۆک کەوتە وڵات، بەرپرسانى پراگ دەڵێن ئەمە خوێناویترین هێرشە لە مێژووى نوێى شارەکەدا روویدابێت، هەرزوو ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری وڵات راگەیەنرا.
بەگوتەى پۆلیسى شارەکە، چەکدارەکە لە کاتژمێر چواری ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان لە کۆلێجى هونەریی زانکۆى چارڵز دەستڕێژى گوللـەى کردووە، دوای کوشتنی 14 خوێندکار و بریندارکردنی 25ی دیکە، خۆیشی کوشتووە، دۆخی 10 لە بریندارەکان سەختە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
ڤیدیۆى رووداوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و دەردەکەوێت، خوێندکارانی زانکۆکە لە بەرزییەکى زۆرەوە و لە ترساندا خۆیان هەڵدەدەنە سەربانى بینایەکى تەنیشتیان و خۆیان رزگار دەکەن، تەنانەت لەکاتى هەڵهاتنی ئەو خوێندکارانەشدا دەنگى تەقە دەبیسترێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وەزیرى ناوخۆى چیک و بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسى پراگ رایانگەیاند، چەکدارەکە خۆی خوێندکارى کۆلێژى هونەر بووە، بەبێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرابکەن گوتیان، “ئەو لە گوندێک ژیاوە کە 13 میل لە ناوەندی پراگەوە دوورە، بەیانى رۆژى پێنجشەممە باوکى بە مردوویى دۆزراوەتەوە و دڵنیانین بەچى مردووە، هێشتا هۆکارى سەرەکى ئەنجامدانى هێرشەکەمان بۆ ئاشکرا نەبووە”.
بەڕێوەبەرى پۆلیسى پراگ ئەوەى ئاشکرا کرد، هەفتەى رابردوو لە دارستانێکى پراگ تەرمى دوو کەسیان دۆزیوەتەوە کە لەوانەیە پەیوەندى بەم چەکدارەوە هەبێت و دەستى لە کوشتنى ئەوانیشدا هەبێت.
پیتەر پاڤێڵ، سەرۆکی چیک ماتەمینی گشتی لە وڵات راگەیاند و گوتی، “ئەوە کارەساتبارترین رووداوە لە مێژووی چیکدا.”
پۆلیس رایگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر چەکی لە بینای زانکۆکە دۆزییەوە هەربۆیە بەزووی چۆڵکرا و دەڵێت، “بەپێی لێکۆڵینەوە لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بکوژ، پێدەچێت کاریگەربووبێت بە یەکێک لە هێرشە تیرۆرستییەکان کە لە پایزی ئەمساڵدا لە روسیا ئەنجام درا، بکوژ چەند پارچە چەکێکی دیکەی لە ماڵەکەیدا هەبووە.
پۆلیسی ئاشکراشیکرد کە بکوژ هیچ پێشینەیەکی تاوانی نییە و بە تەنها کارەکەی کردووە، هیچ ئاماژەیەکیشیان نەدۆزیوەتەوە کە پەیوەندی بە تۆڕی تیرۆرستیی جیهانییەوە هەبێت.