ئەمریکا پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە و هۆشداری داوە لە فراوانبوونی جەنگی غەزە و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ ئەگەر بریکارەکانی دەستهەڵنەگرن لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی دەریای سوور و هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی لە عێراق و سوریا.
رۆژنامەی جەریدەی کوەیتی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رایگەیاند، واشنتن پەیامەکەی بە وەزیرێکی دەرەوەی یەکێک لە وڵاتانی عەرەبیدا بۆ تاران ناردووە و بەرپرسیارێتی راستەوخۆی هێرشی بریکارەکانی خستووەتە ئەستۆی ئێران، هەروەها هۆشداریشی داوە لە فراوانبوونی جەنگی غەزە بە ناوچەکەدا و پێکدادانی گەورە و راستەوخۆ.
هەر بەپێی سەرچاوەکە، ئەمریکا داوای کردنەوەی کەناڵێکی ئەمنیی راستەوخۆ و نهێنی لەنێوان هەردوو وڵات کردووە بۆ دوورکەوتنەوە بە پێکدادانی راستەوخۆ و هەروەها هۆشداری داوە بە ئێرانییەکان ئەگەر حوسییەکانی یەمەن بەردەوام بن لەسەر هێرشکردنەسەر کەشتییەکانی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل و کەشتییە بارهەڵگرەکان ناچار بکەن ئاڕاستەی گەشتەکەیان بگۆڕن بۆ رەئس رەجا ساڵح کە درێژتر و گرانترە، ئەوە واشنتن و وڵاتانی هاوپەیمانی راستەوخۆ وەڵامی تاران دەدەنەوە.
هەروەها پەیامەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە کە ئەمریکا سزا دەخاتەسەر جوڵەی کەشتییە بازرگانییە ئێرانییەکان و هێزی دەریایی ئەمریکاش ئەو کارە جێبەجێ دەکات ئەگەر حوسییەکان بەردەوام بن لە هێرشەکانیان.
پەیامەکە هەروەها هۆشداری داوە کە هێرشی بریکارەکانی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا “چیتر قبوڵناکرێن” و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی کردووە لە سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سوریا ئەگەر یەک سەربازی ئەمریکی بریندار بێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە حسێن عەبدولهەیان، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی پەیامەکەی داوە و جارێکی دیکە رەتیکردووەتەوە کە پەیوەندی بە هێرشەکانی ناوچەکەوە و رووداوەکانی دەریای سوورەوە هەبێت، ئامۆژگاری ئەمریکییەکانیشی کردووە واز لە پاڵپشتی ئیسرائیل بهێنن “ئەگەر دەیانەوێت هێرشەکان بۆسەر بنکە سەربازییەکانیان یاخود ئەوانەی دەریای سوور بوەستێت”.
هەر بەگوێرەی سەرچاوەکە، عەبدولهەیان جەختیکردووەتەوە کە ئەوەی ئێستا روودەدات ئەنجامی پاڵپشتی ئیدارەی بایدنە لە رووی سیاسی و سەربازی بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر گەلی فەلەستینیدا هاتووە، داوایکردووە “وا بیرنەکەنەوە کە ئێران بڕیاربەدەستی گەلانی توڕەیە لە ناوچەکە، بەڵکو ئەوە کەمترین ئەرکیانە ئەنجامی بدەن.”
عەبدولهەیان جەختیکردووەتەوە کە ئێران بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە بۆ هەراسانکردنی کەشتییە سەربازییەکان و واشنتن و هاوپەیمانەکانیشی بە پلەی یەکەم زەرەرمەند دەبن، سەرچاوەکە روونیشیکردووەتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی وەڵامی راستەوخۆی کردووە ئەگەرهاتوو ئەمریکا هێرش بکاتەسەر سوپای پاسداران و داوایکردووە ئەو “بۆچوونە هەڵەیە” پشتگوێبخەن کە ئێران لە فراوانبوونی جەنگ یاخود رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا دەترسێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی بۆ رۆژنامەی جەریدە ئاشکراکرد کە عەبدولهەیان ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماسی لە قەتەر دڵنیاکردووەتەوە کە پاڵپشتی و هاوکارییەکانی تاران و بەرەی بەرخۆدان بۆ گەلی فەلەستین بەردەوام دەبێت و “وەرەقەی بەهێزتریان هەیە” بۆئەوەی فشاری زیاتر بکەن بۆ راگرتنی جوڵەی کەشتییەکانی ئیسرائیل و ئەگەر جەنگی غەزە بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە بەکاریدەهێنن.