جارێکی دیکە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگدانی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک لەبارەی دۆخی غەزە دواخست سەرباری ئەوەی رەشنووسی پڕۆژەبڕیارەکە هەمووارکرایەوە و بڕگەی “ئاگربەستی بەپەلە”ـی لێ لابرا، ئەگەری تێپەڕاندنی پڕۆژەبڕیارەکە بەهێز چونکە ئەمجارە ئەمریکاش پشتگیری لێ دەکرد.
زیاتر لە پێنج جار دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە دواخرا بەهۆی ناڕەزایەتی ئەمریکا و بەکارهێنانی ڤیتۆ لەدژی، چونکە واشنتن رازی نەدەبوو پڕۆژەبڕیارەکە داوای ئاگربەستی بەپەلە لە غەزە بکات، بەڵکو تەنها داوای باشترکردنی هەلومەرجی گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بۆ کەرتەکە دەکرد، هەربۆیە رەشنووسی ئەمجارە زۆر لاوازتر بوو لەوەی یەکەمجار.
سەرچاوە دیبلۆماسییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، لەوانەیە ئەمڕۆ هەینی دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە بدرێت چونکە بەرهەمی کۆمەڵێک دانوستاندنی چڕە و لەلایەن ئیماراتەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە.
پڕۆژەبڕیارە تازەکە داوا دەکات ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆئەوەی کۆمەکی و هاوکارییە مرۆییەکان بە سەلامەتی و بەبێ هیچ کۆسپێک بگەنە غەزە، هەروەها هەلومەرجێکی وەهاش بڕەخسێنرێت کە کردە شەڕ و پێکدادانەکان بۆ هەمیشە ڕابگیرێن.
دیارە ئەم پڕۆژەبڕیارەی ئێستا ئەو داخوازییەی تێدا نەماوە کە لە پڕۆژەبڕیاری یەکەمدا هەبوو کە داوای دەکرد “بەپەلە و بە یەکجاری شەڕ و پێکدادانەکان بوەستێنرێت”، هەرچەندە هەمووارکرایەوە و کرا “راگرتنی بەپەلەی شەڕ و پێکدادانەکان” کە دیارە ئەمەیان لاوازترە، بەڵام لە رەشنووسی کۆتایشدا لاوازتر کرا و هەموو جۆرە راگرتنێکی شەڕی تێدا لابرا.
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت، ئەم هەفتەیە لەگەڵ میسر و ئیمارات و چەند وڵاتێکی تردا کاری زۆر و جدیمان کرد بۆئەوەی بتوانین بگەین بە رەشنووسی پڕۆژەبڕیارێک کە بتوانین پشتگیریی بکەین.”
هەروەها گوتیشی، “ئەم پڕۆژەبڕیارەی ئێستا لاواز نەکراوە، بەڵکو زۆر بەهێزە، وڵاتانی عەرەبشی پشتگیریی تەواوی لێدەکەن.”
لیندا گوتیشی، ئەم دەقە نوێیە بوار دەدات یارمەتیی مرۆیی بگەیەنرێت بە ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.”
لە سەرەتای شەڕی نێوانی ئیسرائیل و حەماسەوە ڕەخنەی زۆر لە ئەنجومەنی ئاسایش گیرا و دەگوترێت سستە و ناتوانێت هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر، بەڵام وا چەند ڕۆژێکە گفتوگۆی گەرمی تێدا ئەنجام دەدرێت بۆئەوەی بتوانرێت پڕۆژەبڕیارێک بۆ غەزە دابڕێژرێت، بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام لەو ڕۆژەوە تائێستا چەند جارێک شکستی هێناوە، دووایین جاریان ئەم ئێوارەیە بوو.
ڕۆژی 8ـی کانوونی یەکەم ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی پڕۆژەبڕیارێک بەکارهێنا کە داوای دەکرد “ئاگربەستێکی مرۆڤدۆستانە لە غەزە” ڕابگەیەندرێت.