▪️زووم..
کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور هۆشدارییەکی توندی دا، دەڵێت، ئەگەر هەڕەشەی ئەتۆمییان لەسەربێت، بە هێرشی ئەتۆمی وەڵامدەدەنەوە.
نیگەرانییەکەی کیم و هەڕەشەکەی لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن مانۆڕێکی سەربازییان ئەنجامدا، واشنتۆن و سیئۆلیش کۆبوونەوەیەکیان کرد و رایانگەیاند، هەر جووڵەیەکی ئەتۆمیی پیۆنگ یانگ، یەکسانە بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی کیم.
لەگەڵ ئەوەی واشنتۆن و سیئۆل و تۆکیۆ داوای گفتوگۆی بێمەرج دەکەن لەگەڵ کیم، بەڵام هەماهەنگییە سەربازییەکانیشیان لە فراوانبووندایە.
دۆخەکە بە هاتنی ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی ئەمریکی بۆ سنوورە ئاوییەکانی کۆریای باشوور چڕتر بوەتەوە، بۆیە کۆریای باکوور هۆشداریی “دۆخی شەڕ بەپێی یاسا” دووپاتدەکاتەوە و ئەو چەک و کەرەستە سەربازی و ستراتیژییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکە جێگیرکراون، وەک ئامانجی سەرەکی دەبینێت.
لە وەڵام و هەڕەشەی سەرۆکە باکوورییەکەدا، ڕێنمایی سوپای وڵاتەکەی دەکات، لە وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمیدا بەبێ دوودڵی هێرشی ئەتۆمی ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا پیۆنگ یانگ خۆی وەک هێزێکی ئەتۆمی راگەیاندووە و سوورە لەسەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ دواوە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نییە.
خوشکەکەی کیم جۆن ئونیش، کە جارجار لێدوانی توند دەدات، جەخت لەسەر مافی سروشتیی پیۆنگ یانگ دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و مەشق و هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا بە هۆکاری پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە دەزانێت.
سەرەتای هەڵکشان و هەڕەشەکانی ئەمجارە لەوەوە دەستیپێکرد، کە کۆریای باکوور مانگێکی دەستکردی تایبەت بە سیخوڕی و چاودێریکردنی ناردە بۆشایی ئاسمان، وەک ئەوەی پیۆنگ یانگ بڵاویکردەوە.