فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا رایگەیاند، رۆژى چوارشەممە مووشەکێک ئاراستەى هێزەکانمان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق کرا، بێ ئەوەى هیچ زیانێکى گیانى هەبێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا ئەمڕۆ، پێنجشەممە راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکەى سەر بنکەى عەین ئەسەد بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، شوێنى هەڵدانى مووشەکەکەمان دەستنیشان کرد و زانیارییەکانمان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق داوە، بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى لەبارەوە بکەن.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق چوونەتە شوێنى هەڵدانى مووشەکەکە و دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە، کە بۆ هەڵدانى مووشەکی قەبارەی 122 ملم بەکارهێندراوە.
7ـى ئۆکتۆبەر چەکدارانى حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، لەوکاتەوە شەڕى ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، تاوەکو ئێستا 20,000 کە لە غەزە کوژراون. لە 17ـى ئۆکتۆبەرەوە هێرشى گرووپە چەکدارییەکان لە عێراق و سوریا بۆ سەر بنکەکانى هێزە ئەمریکییەکان دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا 102 هێرش کراوەتە سەریان.
گرووپى مقاوەمە لە عێراق چەند جارێک بەرپرسیارێتى هێرشەکانى لەئەستۆگرتووە، ئەمریکییەکان بێ دودڵى ئێران بە پاڵپشتى ئەم هێرشانە تۆمەتبار دەکەن، هەریەک لە وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى لە دوو مانگى رابردوودا چەندینجار گفتوگۆیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى کردووە و داوایان کردووە رێگرى لە هێرشى “گرووپەکانى سەر بە ئێران” بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق بکرێت.
نزیکەی 2,500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق جێگیرن و نزیکەی 900 سەربازیش لە سوریا جێگیرن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ رێگریکری لە سەرهەڵدانەوەى داعش بۆ هەردوو وڵات.