زووم:
هەوڵەکان بۆ ئاگربەستێکی دیکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس چڕتربوونەتەوە، بەمەبەستی هێنانەئارای دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و دەستگیرکراوانی نێوان هەردوولای جەنگەکە.
لەو چوارچێوەیەدا جگە لە حەماس و ئیسرائیل، وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش نێوەندگیرییان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەو بارەیەوە کردووە.
لە نوێترین پێشهاتدا، بەگوێرەی ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، کە لە دوو سەرچاوەوە دەستیکەوتووە، ئیسرائیل پێشنیازنامەیەکی داوە بە حەماس بۆ ماوەی یەک هەفتە ئاگربەست رابگەیەنێت، بەو مەرجەی لە بەرامبەردا حەماس 40 بارمتە لەکۆی ئەوە 129 بارمتە ئیسرائیلییەی کە لای ماون، ئازادبکات.
هەروەها ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس بە سەردانێک چووەتە میسر و دەیەوێت لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی ڕاگرتنی شەڕ لە غەزە و ئازادکردنی بارمتەکان بکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، بڕیارە هەنیە، لەگەڵ عەباس کامل بەرپرسی هەواڵگریی میسریش کۆبێتەوە.
هەنیە، جگە لە گفتوگۆ لەبارەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و دەستگیرکراوان، لەگەڵ میسرییەکاندا تاوتوێی راگرتنی شەڕ لە غەزە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی شارەکە دەکات.
لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە، ئەمە دووەمین جارە ئیسماعیل هەنیە سەردانی میسر دەکات.
رۆژی سێشەممەی رابردووش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بەرپرسی مۆساد دوو جار سەردانی ئەوروپای کردووە لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس.
ناتانیاهۆ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ خێزانی بەندکراوەکان جەختیکردەوە، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بارمتەکانیان ئازاد بکەن.
هاوکات بەپێی هەواڵی ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، هەریەک لە ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، لەگەڵ دەیڤید بارنیا بەڕێوەبەری مۆساد و شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبونەتەوە، تاوتوێی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکیان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەی بەندکراوانی هەردولا کردووە.
لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا بە نێوەندگیریی ئەمریکا و میسر و قەتەر ئاگربەستێکی هەشت رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیەندرا، بزووتنەوەی حەماس زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلیی ئازاد کرد، لە بەرامبەریشدا 240 فەلەستنینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل بوون، ئازاد کران.