زووم:
دوای چەند مانگێک لە ململانێ و مشتومڕی سیاسی، پەرلەمانی فەڕەنسا یاسایەکی دەرکرد بۆ توندکردنەوەی سیاسەتی کۆچ لە وڵاتەکە.
هەمواری پڕۆژەیاساکە پشتگیری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی پارتی رێنێسانسی میانڕەو، کە دەسەڵاتدارە، هەروەها مارین لۆپێن، سەرۆکی حزبی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەوی هەبوو.
هەرچەندە لە ناوخۆی پارتەکەی ماکرۆندا دەنگی ناڕازی زۆر هەبوون، بەڵام دواجار پڕۆژەیاساکە بە 349 دەنگی بەڵێ و 186 دەنگی نەخێر پەسەند کرا و جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆ پاڵپشتی لە ئەنجامەکە کرد.
ئامانجی یاساکە توندکردنەوەی رێساکانی کۆچی نایاساییە و لەمەودوا ساڵانە تەنها مۆڵەتی نیشتەجێبوون بە حەوت بۆ 10 هەزار کرێکاری کۆچبەری بێبەڵگەنامە دەدرێت تا بتوانن لە فەڕەنسا بمێننەوە.
هەر بەگوێرەی یاساکە، دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆچبەران سنووردار دەکرێت، هەروەها راکێشانی ئەندامانی خێزانی کۆچبەران بۆ فەڕەنسا سەخت دەکرێت و پرۆسەی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی فەڕەنسیش بۆ منداڵانی کۆچبەران ئاڵۆزتر دەکرێت.