زووم:
یەکێتی دەڵێت، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، لە کەرکوک شەش کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستدەهێنن، پارتیش چاوی لە دوو کورسیی ئەنجومەنەکەیە.
شێرزاد سەمەد بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانی بە زووم نیوزی راگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک، حزبەکەی (بە ئەنجامێکی گەورە لەپێش لایەنەکانی ترەوەیە و دەبێتە خاوەن 6 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک).
بەرپرسەکەی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی وتیشی، سەبارەت بە کورسیی مەسیحییەکان، کاندیدەکەی بابلیون دەرچووە و هاوپەیمانی نزیکی یەکێتیی نێشتمانیی کوردستانە.
رۆژى دوو شەممە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە 15 پارێزگاى عێراق بەڕێوەچوو، کە لە پارێزگاى کەرکوک رکابەرییەکى زۆر لەنێوان پێکهاتەکان هەبوو بۆ بردنەوەى زۆرترین ژمارەى کورسییەکان.
لای خۆیەوە محەمەد کەمال بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، قسەی بۆ زووم نیوز کرد، پێشبینیی کرد حزبەکەی دوو کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا بباتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەوتەی خۆی، تائێستا ئاماری دەنگدانی تایبەت و حەویجەیان بەدەست نەگەیشتووە.
هاوکات جوان حەسەنیش لە یەگرتووی ئیسلامییەوە بەزووم نیوزی گوت، (ئێمە ھیچ کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نابەین، چاوەڕوانی ئەنجامی بەرایی کۆمسیۆن دەکەین و ئەوکات بۆچوونی خۆمان لەسەر تەواوی پرۆسەکە دەخەینە روو).
پەیامنێری کەرکوکی زووم نیوز، پەیوەندیی بە نەوەی نوێوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر پێشبینیی ژمارەی کورسییەکانیان، بڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
بڕیاریشە، ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بە فەرمى رابگەیەنێت.