زووم:
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک بدات کە داوای راگرتنی بەپەلەی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئسیرائیل و حەماس دەکات بەشێوەیەک کە ئاگربەستەکە درێژخایەن بێت و هەردوولا رێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەزە بدەن. ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنی ئەنجومەنەکە دەنگدانەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخست.
هۆکاری دواخستنەکە، تایبەتە بەوەی ئەنجومەنەکە دەیەوێت کاتی زیاتر بدات بە دیبلۆماتکارەکانی وڵاتانی ئەندام بۆ ئەوەی دواکارییەکانی ئەمریکا بەدی بهێنن لە داڕشتنەوەی بڕیارنامەکەدا. چونکە ئەمریکا رایگەیاندبوو لەگەڵ ئەوەدانییە شەڕەکە بەشێوەی هەمیشەیی کۆتایی بێت، بەڵکو تەنها لەگەڵ ئەوەدایە کە بۆماوەیەکی کاتیی ئاگربەست رابگەیەندرێت.
دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە زیاتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا بۆ بڕیارنامەیەکی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایش، کە ئیسرائیلی ناچار دەکرد شەڕ رابگرێت و رێگە بە ناردنی هاوکارییەکان بۆ غەزە بدات، لەبەرامبەریشدا دەبوو حەماس بەشێکی دیکە لە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات.
بڕیارنامەکە هەرچەندە پشت ئەستورە بە بڕیارنامەیەکی دیکەی کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کە هەفتەی رابردوو بە کۆی گشتی 153 دەنگ پەسەندکرا، رەنگە ئەمڕۆش بەربەستی بۆ دروست بکرێت. چونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە ئەمریکا ڤیتۆ لە دژی بەکارنەهێنێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 15 وڵاتی ئەندام پێکدێت، کە پێنجیان هەمیشەیین. بۆ ئەوەی بڕیارنامەیەک پەسەند بکرێت دەبێت دەنگی نۆ وڵاتی ئەندام بەدەستبهێنێت و نابێت هیچ وڵاتێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە، ڤیتۆ لە دژی بەکاربهێنێت.
بڕیارنامەکەی ئەمڕۆ لەلایەن ئیماراتەوە پێشکەشکراوە و داوای گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەزە دەکات لەرێگەی وشکانی، ئاسمانی و ئاوییەوە.
ئەوەی گومانی لێدەکرێت لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنەکە ڤیتۆ بۆ راگەیاندنی ئاگربەستەکە بەکاربهێنێت، ئەمریکایە. چونکە دوێنێ هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیاش دەنگیان خستە پاڵ راگەیاندنی ئاگربەستەوە. بەڵام بەگوێرەی دیبلۆماتکارێکی ئەمریکی بۆ رۆیتەرز دواون، ئەمریکا دەیەوێت زمانی تایبەت بە کۆتایی هێنانی شەڕوپێکدادانەکان لە بڕیارنامەکەدا هەموار بکاتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە راشیگەیاندووە،”لە پرۆسەکەدا بەشێوەیەکی بنیادنەرانە و راشکاوانە بەشداریمان کردووە وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی بتوانین یەکبگرین و بابەتەکە تێ بپەڕێنین.”
دیبلۆماتکاران دەڵێن چارەنوسی بڕیارنامەکەی ئەمرۆ پەیوەستە بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئیمارات. هەرچەندە لە دوایین دەنگداندا ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا و رێگریی لە ئاگربەستەکە کرد، ماوەیەکە واشنتن فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی قۆناغی چڕی جەنگەکەی لە غەزە کۆتایی پێ بهێنێت و لەبری ئەوە پێگەی ورد و تایبەتی حەماس بکاتە بکاتە ئامانج.