زووم، ئاژانسەکان:
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کریملن، دەڵێت لە بنەڕەتدا هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ناتوانێت هیچ شتێک بگۆڕێت، بۆیە “پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا خراپە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی نیوە خولیش هەرچۆنێک بن، پەیوەندییەکانمان هەر بەخراپی دەمێننەوە”.
ئەگەرچی پیسکۆڤ، دان بە گرنگیی هەڵبژاردنەکەدا دەنێت بۆ ناوخۆی ئەمریکا، بەڵام دەشڵێت، “هەڵە نیم ئەگەر بڵێم هیچ گرنگییەکی بۆ ئایندەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا نییە”.
ئەم گوتانەی گوتەبێژی کۆشکی کریملن لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا روسیا تۆمەتبار دەکرا بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.
لەوەڵامی ئەوەدا، گوتەبێژی کۆشکی کریملن، دەڵێت “ئێمە راهاتوین لەگەڵ ئەو تۆمەتانە، بەجۆرێک ئێستا گرنگی بەو تۆمەتانە نادەین”.
پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا بە خراپترین کاتی خۆیدا تێپەڕدەبێت، لەوەتەی جەنگی رووسیا و ئۆکراین دەستیپێکردووە، ئیدارەی جۆ بایدن، پشتیوانیی لە ئۆکراین دەکات لە رێگەی دابینکردنی چەک و هاوکاری داراییەوە.