زووم:
وەزیرى بەرگریى سۆماڵ لەبارەى دۆسیەى یونس ئەمرە سەردانى تورکیا دەکات و چاوى بە هاوسەرى یونس دەکەوێت، هاوکات سەرۆککۆمارى سۆماڵ بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ هاوسەرى یونس دەکات و سەربارى راگەیاندنى سەرەخۆشى دەڵێت، “رێز لە یاسا و گەلى تورکیا دەگرین”.
یونس ئەمرە، کارمەندى گەیاندن “دلیڤەرى” بوو، 30ـى مانگى رابردوو لە شەقامێکی سەرەکى ئەستەنبوڵ ئۆتۆمبێلێک لێى دەدات و شۆفێرەکەى هەڵدێت، کارمەندەکەش دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات.
رووداوەکە کاردانەوەى زۆرى لە تورکیا لێکەوتەوە، چونکە ئەوەى ئۆتۆمبێلەکەى لێدەخوڕى، کوڕی سەرۆککۆماری سۆماڵ بوو، بەبێ ئەوەى دەستگیربکرێت گەڕایەوە وڵاتەکەی.
یونس خێزاندارە کوڕێک و کچێکی دوای خۆی جێهێشتووە، هاوسەرەکەى بە ئاژانسى ئەنادۆڵوى گوتووە، تاوانبار بە بەرچاوی دوو پۆلیسەوە رۆیشتووە و هەوڵی پەردەپۆشکردنی تاوانەکە دەدرێت.
دوابەدواى رووداوەکە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، داواى رادەستکردنەوەى کوڕى سەرۆککۆمارى سۆماڵمان کردووە تاوەکو لە تورکیا دادگایی بکرێت.
پاش تێپەڕینى نزیکەى سێ هەفتە بەسەر رووداوەکەدا، ئەمڕۆ وەزیرى بەرگریى سۆماڵ بە سەردانێکى نافەرمى گەیشتە تورکیا و لە نووسینگەى پارێزەرى خانەوادەى یونس ئەمرە، چاوى بە هاوسەرى ناوبراو کەوت.
دواتر وەزیرى بەرگریی تەلەفۆنەکەى دەداتە دەستى هاوسەرى یونس و داواى لێدەکات قسە لەگەڵ سەرۆککۆمارى سۆماڵ بکات، لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکى سۆماڵ هاوخەمى خۆى بۆ هاوسەرى یونس ئەمرە دەردەبڕێت.
لە پەیوەندییەکەدا دەڵێت، “من سەرۆککۆمارى سۆماڵم، باوکى محەمەد حەسەنم، سەرەخۆشى لە خانەوادەکەتان دەکەم، ئێمە رێز لە یاسا و سەروەریى تورکیا دەگرین، هەموو شتەکان وەک خۆى لە چوارچێوەى یاسادا بەڕێوەدەچێت، من تەنها بۆ سەرەخۆشى خۆم و هاوسەرەکەم پەیوەندیم کردووە”.
ئێستا پاش سەردانى وەزیرى بەرگریی و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى سەرۆکى وڵاتەکە، خانەوادەى یونس ئەمرە لە چاوەڕوانى رادەستکردنەوەى کوڕى سەرۆککۆمارى سۆماڵ و دادگاییکردنی ناوبراون لە تورکیا.