زووم:
لە تورکیا، فشارەکانی دەوڵەت لەسەر کورد زیادیانکردووە، سیاسەتمەدار، ئەندام و لایەنگرانی پارتە کوردییەکان دەستگیردەکرێن.
دوایین راپۆرتی ساڵانەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، بە ئامارەکانی دەستگیرکردن و زیندانیکردن، هەڵکشانی فشارەکان لەسەر کورد دووپاتدەکاتەوە.
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا راپۆرتەکەیان پێشکەش کرد، دەڵێن، لە ماوەی 11 مانگی 2023دا، دوو هەزار و 906 کەس لە ئەندام و لایەنگرانی پارتەکە دەستگیرکراون، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
دەم پارتی ئاماری هەشت ساڵی رابردووی فشار و زیندانیکردنەکانیشی ئاشکرا کرد، لە ساڵی 2015وە تا ئێستا، 22 هەزار و 818 ئەندامی پارتەکە دەستگیرکراون، 4 هەزار و 334 کەسیش سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.
هەر لەو هەشت ساڵەدا، لە پۆستە جیاوازەکانی دەم پارتی، 104 هاوسەرۆکی پارتەکە لە پارێزگاکان و 201 هاوسەرۆکی شارەوانی و 30 ئەندامی ئەنجومەنی پارتەکەیان زیندانی کراون، 24 پارلەمانتاریشیان دەستگیرکراون و پارێزبەندی لەسەر 15 پارلەمانتار هەڵگیراوە.
دەم پارتی، کە پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپەی پێشووە و چەند رۆژی رابردوو ناچار بوو ناوەکەی بگۆڕێت، لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی شاڵی 2014دا، 93 سەرۆک شارەوانیی پارتەکە زیندانیکراون و 95 شارەوانی قەیومیان بۆ دانراوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانیی 2019شدا، 48 شارەوانی قەیومیان بۆ دانراوە و 43 هاوسەرۆکی شارەوانیی سەر بە پارتەکە زیندانیکراون.
دەم پارتی دەڵێت، سەرەڕای هەڵکشانی فشار و رێگرییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەردەوامیی رێگرییەکان لەسەر کورد و ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی لایەنگر و ئەندامانی پارتەکە، بەڵام دەم پارتی سوورە لەسەر ئەوەی درێژە بە خەباتی سیاسی بدات، بۆ گەیشتن بە ئاشتی، یەکسانی و دیموکراسی.