زووم:
گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەنگاوی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی سیستمی بەرگریی موشەکیی ئاسمانی دەکات، بەڵام ئەوە ئاسان نابێت و رووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە.
بابەتەکە لە یاسای بودجەی ساڵی 2024ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا ئاماژەی پێکراوە و کۆنگرێسیش رەزامەندی لەسەر داوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاش واژۆی کۆتایی دەکات.
بەگوێرەی یاساکە، بۆ بەرپەچدانەوە و بەرگریکردن دژی هێرشی چەندبارەی موشەکی و درۆنی ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکان، پێویستە پنتاگۆن سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئاسمانی بداتە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دەبێت تا 1ـی شوباتی ساڵی داهاتوو پلانی تەواو دابنرێت و لە ماوەی 90 رۆژدا جێبەجێبکرێت.
فۆربس جەختیکردووەتەوە، پاڵنەری ئەو هەنگاوەی پنتاگۆن هێرشەکانی ئەمدوایەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە هەولێر و بەغداد و ئەنبار، کە دواترینیان بۆسەر باڵیۆزخانە ئەمریکا بوو لە پایتەخت.
زیاتر لەوەش، هێرشی موشەکی و درۆنی چەند ساڵی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم، هۆکارێکی دیکەی پێدانی سیستمی بەرگریی مووشەکییە لەلایەن ئەمریکاوە.
فۆربس پێیوایە، هەر جۆرە سیستمێکی بەرگری، کە ئەمریکا بیداتە هەرێم هێندە پێشکەوتوو نابێت وەک سیستەمی بەناوبانگ و دوورمەودای پاتریۆت.
هەروەها هەنگاوەکە رووبەرووی دوو ئاستەنگی سەرەکی دەبێتەوە، یەکەمیان پێدەچێت بەغداد رێگری لە دانانی وەها سیستمەکە لە هەرێم بکات، هەروەها پێویستە هەرێم بەڵێن و دڵنیایی بدات، کە سیستمەکە تەنها بۆ مەبەستی بەرگریی بەکاردەهێنێت.
ئاستەنگی دیکە، کە رەنگە دژوارتر بێت، رێگری و ناڕەزایەتی ئێرانە لە دانانی سیستمەکە لە هەرێم، چونکە تاران جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە بە هەڕەشەیەکی ستراتیژی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت.