زووم:
ئەحمەد تورک بەنیازە بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ سەرۆکی شارەوانیی ماردین کاندیدبکاتەوە، داواکارییەکیشی پێشکەش بە پارتەکەی کردووە.
میدیاکانی نزیک لە (دەم پارتی) بڵاویانکردەوە، ئەحمەد تورک بڕیاریداوە بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ سەرۆکایەتیکردنی شارەوانیی گەورەی ماردین کاندیدبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، بە فەرمی، داوای کاندیدبوونی لە دەم پارتی کردووە.
ئەحمەد تورک لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیای ساڵانی 2014 و 2019 بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ماردین هەڵبژێردرا، بەڵام لە هەردوو خولەکەدا لەسەر کارەکەی لابرا و قەیوم لە شوێنی دانرا، بەڵام وادیارە لەسەرکارلادانەکانی رابردوو کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئەحمەد تورک نەبووە.
(دەم پارتی)، (هەدەپی پێشووە) و لە چەند رۆژی رابردوودا ناچار بوو ناوەکەی بگۆڕێت بەهۆی ناڕەزایەتی و تانەی دادگای باڵا لەکورتکراوەی هەدەپ، بەبیانووی ئەوەی کورتکراوەکە لە کورتکراوەی هادەپ نزیکە کە لە ساڵی 1991دا بڕیاری داخستنی دراوە.
لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکانی تورکیادا، هەدەپە لە باکووری کوردستان 3 شارەوانیی گەورە، 5 شارەوانیی شارەکان و 40 شارەوانیی شارۆچکەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانیی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەیومیان بۆ دانراوە.
ئەحمەد تورک، یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دێرین و ناسراوەکانی باکووری کوردستان، لەنێوان ساڵانی 1973 تاوەکو 2011 شەش خول پەرلەمانتار بووە.