زووم:
ساڵانی رابردوو یادی رۆژی ئاڵای کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەکرایەوە، بەڵام ئەمساڵ پەرلەمان هیچ رێوڕەسمێکى بۆ یادی ئاڵا رێکنەخست، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە.
17ـی کانوونی یەكەمی هەموو ساڵێک، رۆژی ئاڵای كوردستانە، لەو رۆژەدا هاووڵاتیان ئاهەنگ دەگێڕن و رێوڕەسمی جیاواز سازدەکەن، بەڵام ئەمساڵ بە كۆمەڵێك هۆكاری جیاواز بەشێک لەو چالاکییانە بەڕێوەناچن.
جگە لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینش، رێوڕەسم لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بۆ هەمان مەبەست سازناکرێت، ئەوەش بەهۆی بایکۆتی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە.
ئاڵای کوردستان بهسمبولی نهتهوهی كورد دادهنرێت، ئهم ئاڵایه لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم دادەنرێت و لە دامودەزگا حکومییەکان و ئۆرگانە فەرمییەکان شەکاوەیە، وەک ئاڵای تەواوی کوردستان دەبینرێت.
ئاڵای کوردستان نزیکەی هەشت دەیە لەمەوبەر و بۆیەكەمجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکرا، پاش راگەیاندنی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی قازی محەمەد، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لەسەر دامودەزگاکانی کۆمار دانرا، هەرچەندە بەشێك لە مێژوونووسان باس لەوە دەكەن ئەو ئاڵایەی، كە لە كۆماری مەهاباد هەڵكراوە هەمان ئەم ئاڵایەی ئێستای كوردستان نییە.
ئاڵای کوردستان لە سێ رەنگی (سوور و سپی و سەوز) پێکھاتووە، لەگەڵ خۆرێکی زێڕین لە ناوەڕاستیدا کە 21 تیشکە، مانای رێکەوتی 21ــى 3 دەگەیەنێت، کە سەرەتای ساڵی کوردییە.
24 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 1999 پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتی جەوهەر نامیق سەرۆکی کۆچکردووی پەرلەمانی کوردستان، یاسای ئاڵای کوردستانی پەسەندکرد، پێنج ساڵ دواتر و لە رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2004 پەرلەمانی کوردستان 17ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی بە رۆژی ئاڵا دیاریکرد، کە بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێت لەو رۆژەدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێبکرێنەوە.