زووم
سبەى دووشەممە، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە 15 پارێزگا بەڕێوەدەچێت، جگە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان. هەڵبژاردنەکە ماوەى 10 ساڵە ئەنجام نەدراوە، لە دواى ساڵى 2005ـەوە دووەمجارە لە کەرکوک ئەنجام دەدرێت، 15 کورسییەکەى کەرکوک کێبڕکێى نێوان پێکهاتەکانى شارەکە و کوردیشی زیاتر لەسەرە، کەواتە گرنگى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان چیە؟
لە مادەى 122ـى دەستوورى عێراقدا بە کورتى ئاماژە بە ئەنجومەنى پارێزگاکان کراوە، بەڵام بەگوێرەى یاسا رێکخراوە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنى پارێزگا ناكەوێتە ژێر ركێف و چاودێرى هيچ وەزارەت يان لايەنێكەوە و داراييەكى سەربەخۆى خۆى هەيە و تەنها لە لایەن لیژنەى دارایی پەرلەمانەوە چاودێریی دەکرێت.
لەڕووى ئاسانکاریی بۆ کاروباری هاوڵاتییان و شۆڕکردنەوەى دەسەڵات ئەنجومەنى پارێزگاکان گرنگی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەربۆیە پێکهاتە، لایەن و تەنانەت تاکەکانى کۆمەڵگەش بە بایەخەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن، راستەوخۆ ئەندامەکانى لە لایەن هاوڵاتییانەوە هەڵدەبژێرێن.
ژمارەى ئەندامەکانى هەر پارێزگایەک لە 10 کەس کەمتر نابێت، هەر پارێزگایەکیش ژمارەى دانیشتوانەکەى لە ملیۆنێک بەرەو سەرەوە بێت بۆ هەر 200 هەزار کەس، کورسییەک زیاد دەکرێت.
کار و دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان:
- هەڵبژاردنى پارێزگار و پێدانى دەسەڵاتەکانى بە زۆرینەى رەهاى دەنگەکان و بە هەمان شێوە وەرگرتنەوەى متمانە لێیان.
- دانانى بەرنامەى کار لە بوارى رێکخستنى کاروبارى پارێزگاکەدا، بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستوور و یاساکانى دەوڵەتى ئیتیحادی.
- پەسەندکردنى بودجەى تایبەت بە پارێزگاکە، گواستنەوەى بڕە پارەى دیاریکراو لە فەرمانگە یان بەشێکەوە بۆ فەرمانگە وبەشێکی دیکە.
- لێپرسینەوەى و بانگهێشت کردنى پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و جێگرەکانیان، لەکاتى بەفیڕۆدانى موڵک و ماڵی گشتى، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات، کەمتەرخەمی و پێشێلکردن و جێبەجێ نەکردنى یاسا.
- وەرگرتنەوەى متمانە لە ئەندامێکی خۆی، بە لەدەستدانى یەکێک یان زیاتر لە مەرجەکانى ئەندامێتى و پەسەندکردنى دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرەگشتییەکان.
- دانان و لابردنى بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سنووری پارێزگاکەدا بە زۆرینەى رەهاى دەنگەکان.
- پەسەندکردنى پلانى ئەمنى (هەمیشەیی یان کاتی) کە لایەنى پەیوەندیدار پێشکەشى دەکات.
- دەرکردنی رۆژنامەیەک کە سەرجەم کار و چالاکی و بڕیارەکانى تێدا بڵاوبکرێتەوە .
- دانانى درووشمى تایبەت بە پارێزگا، بەمەرجێک بگونجێت لەگەڵ کلتوور و مێژووەکەیدا.
- دانانى پەیڕەو و برنامەیەکى تایبەت بە پارێزگا، کە هەمووان پابەندى ئامادەبوون و کارکردن بکات.
- دیاریکردنى ئەولەویەتى کارکردن بەمەرجێک پێچەوانە نەبێت لەگەڵ پلانى گشتیى وەزارەتى تایبەتمەند.
- پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنى هاوکاریی و بەخشین بە دامەزراوەکان لە لایەن حکومەتەکان، حزب، رێکخراو و کۆمپانیا، کەسایەتییەکان.
- چاودێریکردنى سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانى سنوورى پارێزگا، جگە لە دادگاکان، یەکە سەربازییەکان، فەرمانگە و دامەزراوە و کۆلێج و پەیمانگاکانى سەر بە حکومەتى ناوەندی.
- وەرگرتنى سکاڵای هاووڵاتییان لەبارەى بەڕێوەنەچوونى کاروبارى هاوڵاتییان لەنێو فەرمانگە حکومییەکان.
- چاودێریکردنى کاروباری بەڕێوەبەرایەتى و بنکەکانى دامەزراوەکان لە قەزا و ناحییەکان.
لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکاندا، 5919 کاندید کێبەرکێ دەکەن بۆ 275 کورسى و زۆرترین ململانێ لەسەر پارێزگاى کەرکوکە بەو پێیەى پێکهاتەو پارت و هاوپەیمانى جۆراوجۆری تێدایە و بۆ کوردیش ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنە جێگەى بایەخە، حزبە کوردستانییەکان بە چوار لیست بەشدارى ئەم هەڵبژاردنە دەکەن.